قوباد تاڵەبانی لەگەڵ کۆمەڵێک لە کونسوڵی گشتی و نوێنەرانی وڵاتە بیانییەکان كۆده‌بێته‌وه‌

کوردستان
18:06 - 2023-01-18

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ کۆمەڵێک لە کونسوڵی گشتی و نوێنەرانی وڵاتە بیانییەکان لە سلێمانی کۆبووەوە

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران لە شاری سلێمانی پێشوازی کرد لە ژمارەیەک کونسوڵ و نوێنەرانی وڵاتانی بیانی و بەرپرسانی یۆنامی و یەکێتی ئەورووپا لە هەرێمی کوردستان و لە بارەی کۆمەڵێک پرسەوە بیروڕایان ئاڵوگۆڕ کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا ئەمڕۆ (18ی کانوونی دووەمی 2023) ئێرڤن هیکس، کونسوڵی گشتی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ڕۆزی کەیڤ کونسوڵی گشتی بەریتانیا، ئۆلیڤێ دیکۆتینی، کونسوڵی گشتی فەرەنسا، هێثەر پاترسۆن بەرپرسی نووسینگەی کەنەدا، نوێنەری نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەولێر (یۆنامی) و نوێنەری یەکێتی ئەورووپا لەگەڵ کونسوڵەکانی کۆریای باشوور و یۆنان و سەرۆکی زانکۆی ئەمەریکی ئامادە بوون، تیشک خرایە سەر ئازادییە گشتییەکان و مافی ئازادی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەوانی و بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی توندوتیژی دژی ژنان.

قوباد تاڵەبانی جارێکی تر جەختی کردەوە لەوەی بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ ڕەخساندنی کەشێکی گونجاو بۆ کاری میدیا و ئازادی ڕەخنەگرتن و پاراستنی ژنان لەو هەڕەشانەی ڕووبەڕوویان دەبنەوە.
قوباد تاڵەبانی باسی لەوەش کرد لە هەوڵی بەردەوام دان زانکۆکان ببەستنەوە بە بازاڕی کارەوە بە پێی تایبەتمەندی ناوچە و شارەکانی دابەشبوونی زانکۆکان، هەروەها لە پەیوەندی بەردەوام دان لەگەڵ کۆمپانیا گەورە ناوخۆیی و بیانییەکان بۆ کەڵک وەرگرتن لە توانای گەنجان و دەرچووانی زانکۆکان بەپێی پسپۆڕی و شارەزاییان.

لە بەرامبەریشدا کونسوڵ و نوێنەرانی میوان پێزانین و دەستخۆشی خۆیان دەربڕی بۆ هەوڵەکانی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و هاوڕابوون لە بارەی گرنگی پەیوەندی و بیروڕا گۆڕینەوە لە قۆناغەکانی داهاتوودا جەختیان لە هەماهەنگی کردەوە لە پرسە جێگە بایەخە هاوبەشەکان.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP