داقوق ــ كورد و توركمانەكان قائیمقامی سەپێندراو رەتدەكەنەوە

کوردستان
13:00 - 2023-02-06

دژی بڕیاری سەپاندنی قائیمقامێكی بەڕەگەز عەرەب بۆ قەزای داقوق، كورد و توركمانەكانی قەزاكە گردبوونەوەیەكی ناڕەزایەتیان ئەنجامدا و داوای هەڵەشاندنەوەی بڕیارەكەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق دەكەن، پەرلەمانتارێكی یەكێتیش دەڵێت: "ئەو پۆستە پشكی كوردە و هیچ جۆرە سازشێكی لەسەر ناكەین".
بۆ ئەو مەبەستەش فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەران لە پێناو رێگریی لەو بڕیارەو بەدەستهێنانی مافەكانی خەڵكی قەزاكە لەگەڵ هاووڵاتیانی داقوق دەستی بە خۆپیشاندان و چالاكی مەدەنی كرد.

لەو بارەیەوە ثێشتر دیلان غەفور ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراكسیۆنی یەكێتی رايگەیاندبو: "دوور لە رەچاوكردنی هاوسەنگی نێوان پێكهاتەكان دووبارە پارێزگاری سەپێندراوی كەركوك،  ناوی كەسێكی بەڕەگەز عەرەبی بەرزكردووەتەوە تا بكرێتە قائیمقامی قەزای داقوق، بۆیە ئێمە دژی دەستبكاربوونی ئەو كەسە دەوەستینەوە، ئەو پۆستە پشكی كوردە و هیچ جۆرە سازشێكی لەسەر ناكەین".

راشیگەیاند: "پێویستە سەرۆكوەزیرانی عیراق لە دابەشكردنی پۆستەكانی پارێزگای كەركوك رەچاوی هاوسەنگی نێوان پێكهاتەكان بكات، هەربۆیە سەرۆكوەزیرانی عیراق ئاگادار دەكەینەوە كە فشارەكانمان چڕ دەكەینەوە بۆ راگرتنی دەستبەكاربوونی ئەو كەسە و بەرپرسیارێتی روودانی هەر رووداوێكی نەخوازراو كە ببێتەھۆی تێكدانی ئاشتی كۆمەڵایەتی و نێوانی پێكھاتەكان دەخەینە ئەستۆی سەرۆكوەزیران و پارێزگاری سەپێندراوی كەركوك"، دیلان غەفور وایوت.
 
پێشتریش مەڵبەندی هەژدەی رێكخستنی رۆژهەڵاتی كەركوك، لەبارەی تێكدانی كەركوك بە بەرنامە و بڕیاری دانانی قائیمقامێكی عەرەب بۆ داقوق، پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند: "دژ بەیاساكانی دەستور و مافی پێكهاتەكان و تێكدانی باری ئەمنی شارەكە بڕیاری نابەجێ سەبارەت بەدابەشكردنی پۆستی ئیداری و كارگێری شارەكە دەدرێت لەكاتێكدا بەپێی دەستور هیچ هێز و لایەنێك بۆی نییە مافی پێكهاتەیەك پێشێل بكات، داواش لە سەرۆكوەزیران دەكەین بەپەلەو دەستەبەجێ ئەو بڕیارە رەتبكاتەوە تاكاردانەوەی خراپی لێ نەكەوتووەتەوە بەپێچەوانەشەوە تێكچونی بارودۆخی ئیداری شاری كەركوك دەخرێتە ئەستۆی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق و پارێزگارە سەپێنراوەكەی كەركوك".

ئەمەش لەكاتێكدایە به‌رله‌ چه‌ند رۆژێك بە بڕیاری پارێزگاری سەپێندراوی كەركوك، قائیمقامێك لە رەگەزی عەرەب بۆ قەزای داقوق دەستنیشانكرا، بەڵام بە هەوڵی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و خەڵكی سنوورەكە توانرا ئەو بڕیارە هەڵبوەشێندرێتەوە و رابگیرێت.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP