د. لەتیف جەمال رەشید سەرۆك كۆماری عیراق، لە راگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ ٥-٣-٢٠٢٣ بڵاوی كردووەتەوە، ساڵڕۆژی راپەڕینی مانگی ئازار لە كوردستانی عیراق بەرز رادەگرێت.
ئەمەش دەقی راگەیەندراوەكەیە:
لەگەڵ هاتنی ساڵیادی دەستپێكردنی ڕاپەڕینی گەلەكەمان لە شار و گوندەكانی كوردستانی عیراق لە ساڵی ١٩٩١، بە شانازییەوە ئەو قوربانییە مەزنانەی گەلی كورد بەرزو پیرۆز رادەگرین لە ڕێگای خەبات دژی دیكتاتۆرییەت لە پێناو بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری و ئازادی بۆ خەڵكی كوردستان.
لەم بۆنەیەدا، كە شاخەكانی كوردستان بە ئاڵای ئازادی تاجی نرایە سەر، یاد و بیرەوەری ئەو شەهیدانە دەكەینەوە كە لە دژی ستەمی دیكتاتۆریەت خەباتیان كرد و رێگایان بەرەو بەدیهێنانی دیموكراسی كردەوە.
شكۆمەندی و نەمری بۆ شەهیدە قارەمانەكان و شانازی و رێزیش بۆ بنەماڵە سەربەرزەكانیان.
شكۆ و ستایش بۆ هەموو ئەو تێكۆشەرانەی قارەمانێتییان چرایەك بوو بەرە و ئایندەیەكی ئازاد و شكۆمەند و دادپەروەر.
دكتۆر لەتیف جەمال رەشید
سەرۆك كۆماری عیراق
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP