ئه‌ندامێكی سەرکردایه‌تی یەکێتی: دەرچوونی بڕیاری لەسێدارەدان بۆ ئەفسەرەکانی یەکێتی دۆخی هەرێم ئاڵۆزدەکاتەوە

کوردستان
10:19 - 2023-06-05



ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، دەرکردنی بڕیاری لە سێدارەدان بۆ فەرماندەی گشتیی دژەتیرۆری حزبەکەی لەلایەن دادگای هەولێرەوە کارێکی باش نەبووە. ئاماژە بەوەشدەکات بڕیارەکە جارێکی تر خەڵکی توشی دڵەڕاوکێ کردووەتەوە و ئەو ئومێدانەشی لەباربردووە بۆ باشبوونی دۆخی هەرێم و پێدەچێت دۆخەکە ئاڵۆز ببێتەوە. ئەندامێکی پەرلەمانی پارتی دیموکراتی کوردستانیش دەڵێت ئەگەر خۆیان بێتاوان دەزانن با بێنە دادگا و داکۆکی لە خۆیان بکەن.

دوێنێ‌ یەکشەمە4ی حوزه‌یران، دادگای هەولێر بە تۆمەتی کوشتنی عەقید "هاوکار جاف" ئەو عەقیدەی دژە تیرۆری یەکێتی، کە لە ڕۆژی 7/10/2022 لە هەولێرو لەڕێگەی بۆمبی چێنراوەوە کوژرا، سزای لە سێدارەدانی بۆ وەهاب هەڵەبجەیی فەرماندەی دژە تیرۆری یەکێتی و هەشت کەسی تر دەرکرد.

لەبارەی بڕیارەکەی دادگای هەولێر و دەرچوونی سزای لەسێدارەدان بۆ فەرماندەی دژەتیرۆری حزبەکەی، حاجی مەسیفی ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "ئێمە لەگەڵ یاساین، بەڵام نازانین کێ لێکۆڵینەوەی لە دۆسیەی کوژرانی هاوکار جاف کردووە کە ئەفسەرێکی یەکێتی بووە، تاکلایەنە لێکۆڵینەوە کراوە و بڕیارەکە دەرکراوە، کێشەش بەو شێوەیە چارەسەر ناکرێت."

دەرچوونی بڕیاری لە سێدارەدان بۆ فەرماندەی دژەتیرۆری یەکێتی لەکاتێکدایە، پێشتر ئەو دۆسیەیە ناکۆکی قوڵی لە نێوان یەکێتی و پارتی دروستکرد، تا ئەو ئاستەی قوباد تاڵەبانی و تیمی یەکێتی لەمانگی 10ی ساڵی ڕابردوو کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیرانیان بایکۆت کرد، بەو پێیەی یەکێتی تۆمەتبارکردنی ئەفسەرە ئەمنییەکانی ڕەتدەکاتەوە.

لە کۆبوونەوەی ڕۆژی 28/1/2023 ی نێوان مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی و لەکۆبوونەوەکانی مانگی ڕابردووی ئەنجومەنی وەزیرانیشدا، بڕیاردرا دۆسیەی عەقید هاوکار جاف بسپێردرێتە لیژنەیەکی تایبەتمەند، تا بەبێ دەستوەردانی سیاسی لێکۆڵینەوە بکات و دواتر ڕێکاری یاسایی بگیرێتەبەر.

حاجی مەسیفی، دەڵێت "هەر بڕیارێک لەسەر بنەمای باتڵ بدرێت گونجاو نییە، تاکلایەنە لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی هاوکار جاف کراوە و ئێمە بڕوامان پێی نەبووە، با پێکەوە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە دروست بکەین، دواتر دادگا هەر بڕیارێکی دا با بیدات."

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP