بەرشەلۆنە و ئۆساسۆنا بەیەك دەگەن

وەرزش
12:17 - 2023-09-03


دەرگای هاتن و چوونی مێركاتۆی هاوینەی یاریزانان داخرا و یانەی بەرشەلۆنەی كەتەلۆنیش، دەتوانین بلێین یەكێك بوو لەو یانانەی كە لە بازاری گواستنەوەی یاریزاناندا سوودێكی زۆی بینی لە بەهێزكردنی تیپەكەی و تا رادەیەكی باشیش روحێكی نوێ بەخشیەوە بە پێكهاتەكەی.. چیتر لە تاقیكردنەوەی ئەمشەوەوە یانەی بەرشەلۆنە ئەركی راستەقینەی دەستپێدەكات و هیچ پاساو بیانویەكیش لەبەردەم چاڤی هێرناندێزی راهێنەری تیپەكە نامێنێت بۆ نوسینەوەی چیرۆكی سەركەوتن و شادكردنەوەی هەگبەكەی یانەی بلوگرانا بە نازناو ناوخۆیی و ئەوروپی و جیهانییەكاندا.. ئەمشەو سەعات دە بە كاتی هەرێمی كوردستان.. یانەی بەرشەلۆنەی كەتەلۆنی روودەكاتە یاریگایەكی قورس و دژوار كە ئەویش یاریگای ئەلسادارە، كاتێك رووبەرووی یانەی ئۆساسۆنای خاوەن یاریگا و هاندەر دەبێتەوە... یانەی بەرشەلۆنە لە كاتێكدا بەرەنگاری یانەی ئۆساسۆنا دەبێتەوە، خوان لاپۆرتای سەرۆكی یانەكە بە گواستنەوەی جواوج فیلێكس و جواو كانسیلۆ لە دوا ساتەكانی مێركاتۆی هاوینەدا، پێكهاتەی تیپەكەی پێ بەهێزتر كرد.. لە ئێستاشدا لە ركابەریەكانی لالیگادا و لە كۆی 3 یاری رابردوویدا حەوت خاڵی كۆكردۆتەوەو لە خانەی چوارەمی ریزبەندی دەبینرێت.. جیالەوەش یانەی بەرشەلۆنە لە شەش دیداریدا بەرامبەر بە یانەی ئۆساسۆنا پێنج تاقیكردنەوەی بەسوودی خۆی یەكلایی كردۆتەوەو تەنها لە یەك یاریشدا یەكسانبوونی نوسیوەتەوە، 
هاوكات خاوەن رێژەیەكی گۆڵە و لە كۆی تەواوی ئەو شەش یاریەدا یانەی بلوگرانا 15 گۆڵی تۆماركردوەو تەنها لە سێ بۆنەشدا تۆڕی گۆڵەكەی بەسەر كراوەتەوە.. 

هەر بۆ ئەم دیدارە یانەی بەرشەلۆنە لە تواناكانی دووان لە چەكە بەهێزەكانی كەتیبەكەی بێبەش دەبێت.. كە ئەوانیش رۆناڵد ئاراخۆی بەرگریكار و پێدری ئەستێرەی هێڵی ناوەندی یانەكەیە كە قورسی پێكانەكانیان یانەی بەرشەلۆنە ناچار دەكات چەندین تاقیكردنەوەی دیكەی بەبێ ئامادەبونی ئەو دوو ئەستێرەیە ئەنجام بدات.. بەڵام پێشبینی دەكرێت یەكێكە لە گرێبەستە نوێیەكانی یانەی بەرشەلۆنەی بۆ دیدارەكەی ئەمشەویان بەرامبەر بە یانەی ئۆساسۆنای میوان بەشداری بكات، وەك رۆژنامەی سپۆرت ئاماژەی پێ كردوە كە جواو كانسیلۆی پرتوگالی بەشێوەیەكی سەرەكی بوونی دەبێت لە پێكهاتەكەی چاڤی راهێنەریدا

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP