سه‌رۆك بافڵ: دەبێت مافە دەستوورییەكانی هەڵەبجە پارێزراو بێت

عێراق
16:04 - 2023-09-20



بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان،  لە بەغدا چاویكەوت بە سەید عەمار حەكیم، سەرۆكی رەوتی حیكمە.

لەدیدارێكدا جەخت لە بەردەوامیی گفتوگۆی بونیادنەرانەی نێوان لایەنە سیاسییەكانی هەرێم و عیراق كرایەوە بە ئامانجی زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەكان، نەهێشتنی بەربەستەكانی بەردەم پرۆسەی سیاسی بەتایبەت كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، لەو رووەوشەوە داواكرا بەرژەوەندییە نیشتمانی و نەتەوەییەكان رەچاوبكرێت و هەموولایەنەكان پشتیوانبن بۆ چارەسەری دەستووریانەی ئەو گرفتانەی پەیوەستن بە ژیان و گوزەرانی خەڵكەوە.

لەبارەی پێشهاتە ئەمنییەكان و بەزاندنی خاك و ئاسمانی وڵاتەوە، هەردوولا جەختیان لە یەكخستنی هەوڵە نیشتمانییەكان كردەوە لەپێناو روبەڕوبوونەوەی هەر مەترسییەك كە ئاسایش و سەقامگیریی وڵات بخاتە مەترسییەوە، هەروەها ئیدانەی هێرشكردنە سەر دامەزراوە ئەمنییەكان كرا كە رۆڵێكی گرنگ و بەرچاویان هەبووە لە روبەڕوبوونەوەی تیرۆر و پاراستنی ژیان و ئارامیی هاووڵاتیان.

پرسی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە تەوەرێكیتری دیدارەكە بوو و لەوبارەوە سەرۆك بافڵ وتی: "دەبێت مافە دەستوورییەكانی هەڵەبجە پارێزراو بێت و بەهەمووشێوەیەك پشتگیریی بەپارێزگابوونی دەكەین، هەڵەبجەییەكان قوربانیی زۆریان داوە و ئێمەش خوێنی رۆڵەكانمان لەبیر ناكەین".

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP