سەرۆكی نوێی دادگای فیدراڵی دەستبەكاربوو

عێراق
15:09 - 2025-07-03

ئەمڕۆ  دادوەر مونزیر ئیبراهیم حسێن سەرۆكی نوێی دادگای فیدراڵی لەبەردەم د. لەتیف رەشید سەرۆككۆماری عیراق، سوێندی یاسایی خواردو بەڵێنی دووپاتكردەوە: "پابەندی دەستوور و یاساكان بێت".
سەرۆككۆمار پیرۆزبایی دەستبەكاربوونی لە دادوەر مونزیر كردو هیوای خواست لە كاری نوێیدا سەركەوتوو بێت، دووپاتیشیكردەوە: "پاڵپشتی دادگای فیدراڵی دەبم بۆ جێبەجێكردنی كارە دەستوورییەكانی"، هاوكات رۆڵی دادگای فیدراڵی لە پاراستنی دیموكراسی و جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكانی دادوەری بەرزنرخاند.
لای خۆشییەوە، دادوەر مونزیر ئیبراهیم پابەندبوونی خۆی بە دەستوورو یاساو سەربەخۆیی دادگاكە دووپاتكردەوەو سوپاسی پاڵپشتییەكانی سەرۆككۆماری كرد لە پاراستنی سەربەخۆیی دادگاكان، بەو پێیەی سەرۆككۆماری پارێزەری دەستوورە.
ئەمەش لە كاتێكدایە، رۆژی 29ی حوزەیرانی 2025، لیژنەی ماددەی 3ی یاسای دادگای باڵای فیدراڵی ژمارە 30 ی ساڵی 2005 ی هەمواركراو كۆبوەوە و رەزامەندی لەسەر خانەنشینكردنی دادوەر جاسم محەمەد عەبود سەرۆكی پێشووی دادگای فیدراڵی دەربڕی و دادوەر مونزیر ئیبراهیم حسێن، جێگری سەرۆكی دادگای پێداچوونەوەی بۆ سەرۆكی دادگای باڵای فیدراڵی عیراق كاندید كرد.
 

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP