فەرماندەیی هێزەکانی 70ی یه‌كێتی و شانه‌ی ئه‌منی: هیچ جۆرە جموجوڵێکی سەربازی رووینەداوە

عێراق
09:46 - 2025-07-05


فەرماندەیی هێزەکانی 70 ی  یه‌كێتی راگەیەندراوێكی سه‌باره‌ت به‌ جموجۆڵی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ بڵاوكرده‌وه‌و جه‌ختده‌كاته‌وه‌ كه‌ هیچ جۆرە جموجوڵێکی سەربازیی رووینەداوەو جوڵە بەهێزی پێشمەرگە نەکراوە.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی هێزه‌كانی (70)یه‌كێـی دا هاتووه‌:" لەهەندێک تۆڕی کۆمەڵایەتی سێبەر هەواڵێک بڵاو کراوەتەوە کە گوایە هەندێک کەرتی سەربازی و پێشمەرگە جوڵەی سەربازییان هەبووە لەهەندێک ناوچەی جێناکۆک، ئێمە لەفەرماندەیی هێزەکانی ٧٠ ئەم هەواڵە بێ بنەمایە بەتەواوی ڕەت دەکەینەوە و بە هەموو لایەکی ڕادەگەیەنین کەهیچ جۆرە جموجۆڵێکی سەربازی ڕووی نەداوە لای ئێمەوە ، هەروەها ڕایدەگەیەنین کە هەماهەنگی تەواومان هەیە لە سەرکردایەتی هاوبەشی هێزە چەکدارەکانی عێراق و لەم ڕۆژانەی دوایدا هەمیشە لەپەیوەندیدا بووین و کاری هاوبەشمان کردووە بۆ پوچەڵکردنەوەی هەموو مەترسی و جموجۆڵەکانی تیرۆریستان لەو ناوچانەدا"

هێزه‌كانی 70 دڵنیایی دەدات :"کە هێزی پێشمەرگە هەمیشە چاوکراوە و ئامادەیە بۆ بەر پەرچدانەوەی پیلانی دوژمنان و تیرۆریستان، هەروەها جەماوەری گەلەکەمان دڵنیادەکەینەوە کە ئەو هەواڵانە دوورن لەڕاستی و داواکارین لەسەرجەم کەناڵ و دەزگاکانی ڕاگەیاندن و تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی کە بە ویژدان و هەست کردن بە بەرپرسیارێتی مامەڵە لەگەڵ ئەم جۆرە هەواڵانەدا بکەن و زانیاری ڕاست و دروست لەسەرچاوە پەیوەندیدارەکانەوە وەربگرن".

 هاوكات شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عیراق ته‌ئكیدیكرده‌وه‌ كه‌:" هیچ جووڵەیەكی هێزەكانی سوپا و حەشدی شەعبی بە ئاڕاستەی ناوچە هاوبەشەكانی نێوان سوپای عیراق و هێزی پێشمەرگە لە ئارادا نییە و ئەو دەنگۆیانەی لەو بارەیەوە بڵاودەكرێنەوە، دوورن لە راستییەوە."

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP