سەرۆکی په‌رله‌مان پشتیوانییده‌كات له‌ دابینکردنی نەوت بۆ هاووڵاتییانی هەرێم

عێراق
22:33 - 2023-10-18


سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق پاڵپشتی داوای پەرلەمانتارێكی یەكێتی دەكات بۆ دابینكردنی نەوتی سپی بۆ هاووڵاتیانی هەرێم  بەو نرخەی كە بۆ پارێزگاكانی عیراق  دابین دەكرێت كە 150 دینارە بۆ لیترێك واتە (بەرمیلی 30 هەزار دینار).

د.بڕیار رەشید ئەندامی فراكسیۆنی یه‌كێتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە پشكی فراكسیۆنی یەكێتی لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA رایگەیاندووه‌: "بەپێ دەستوور هاووڵاتیانی عیراق لەماف و ئەركەكانیاندا یەكسانن و دابینكردنی نەوت بۆ هاووڵاتیانی هەرێم ئەركی حكومەتی عیراقە لە ئێستادا".

د.بڕیار رەشید وادەڵێت:"پاش ئەوەی پار ساڵ بەهەوڵی بەردەوامان توانیمان 50 ملیۆن لیتر نەوتی سپی لە رێگەی وەزارەتی نەوتەوە بۆ كوردستان دابین بكەین، لە ژێر رۆشنایی فرۆشتنی نەوت و گرتنە دەستی مەلەفی نەوتی كوردستان لە لایەن حكومەتی عیراق بۆ ئەمساڵیش پێش دەستپێكردنی وەرزی سەرما بە نووسراوی رەسمی لە مانگی 5ی ئەمساڵ 2023 ەوە  داوامان كردووە لە كاتی خۆیدا و بەو نرخەی دەدرێت بە هاووڵاتیانی عیراق نەوت بدرێت بە هاووڵاتیانی كوردستان و پەلە بكرێت لە دابەشكردنی، بەدرێژایی ئەم چەند مانگە  كارمان لەسەر ئەم مەلەفە كردووە" 

راشیگەیاند: "لە 5-10ی ئەمساڵەوە، دووبارە  بە نووسراوی رەسمی داوامان كردووەو كە هەرچی زووە  نەوتی سپی بۆ هەرێمی كوردستان دابین بكرێت و بەو نرخەی كە بۆ پارێزگاكانی عیراق  دابین دەكرێت كە 150 دینارە بۆ لیترێك واتە (بەرمیلی 30 هەزار دینار)".

ئەندامەكەی ئەنجومەنی نوێنەران وتیشی: "محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق پاڵپشتی داواكارییەكەمانی كردووە و بەپێی ماددەی 112ی دەستوور  پێویستە لەسەر حكومەتی عیراق پابەندبێت بە پێدانی نەوت بە هاووڵاتیانی كوردستان بە هەمان ئەو بڕ و نرخەی دەدرێت بە هاووڵاتیان لە پارێزگاكانی دیكەی عیراق، بەردەوام دەبین تاپابەندكردنی وەزارەتی نەوت بەپێدانی ئەو مافەی هاووڵاتیانی هەرێم".

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP