به‌ هه‌وڵی په‌رله‌مانتارێكی یه‌كێتی به‌غدا ١٥٠ملیۆن لیتر نەوت بۆ هەرێم ده‌نێرێت

عێراق
12:03 - 2023-10-24


هەوڵەکانی ئەندامانی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بۆ گەڕانەوەی ماف و شایستەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان لەعیراق بەردەوامە و لە هەوڵێکی ئەندامێکی فراکسیۆنەکەشدا وەزارەتی نەوتی عیراق بڕیاریداوە ١٥٠ ملیۆن لیتر نەوت بۆ هاوولاتیانی هەرێم بنێرێت.

د.بڕیار رەشید ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراکسیۆنی یەکێتی رایگەیاند:"لەسەر داوای ئێمە وەزارەتی نەوتی عیراق بڕیاریداوە بۆ ئەمساڵ ١٥٠ ملیۆن لیتر نەوت بۆ هەرێم بنێرێت، ئەمە لەکاتێکدایە کە پار ساڵ تەنها ٣٠ ملیۆن لیتری بۆ هەرێم ناردبوو".

"لە ١-١١ی ئەمساڵەوە وەزارەتی نەوتی عیراق دەست بە دابینکردن و ناردنی نەوت بۆ هەرێم دەکات و نرخەکەشی بە هەمان ئەو نرخە دەبێت، کە لەشارەکانی دیکەی عیراق هەبووە، واتە بۆ هەر بەرمیلێک کە ٢٠٠ لیترە بڕی ٣٠ هەزار دینار و ١٠ هەزار دیناریش کرێی گواستنەوە دەبێت، واتە نرخی بەرمیلێک نەوت ٤٠ هەزار دینار دەبێت"، د.بڕیار رەشید وایوت.

وتیشی:" داوا لەحکومەتە خۆجێیەکانی پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک و هەڵەبجە دەکەین، لەگەڵ گەیشتنی نەوتەکە راستوخۆ دەست بە دابەشکردنی نەوت بەسەر هاووڵاتیاندا بکەن، بە هەمان نرخی حکومەتی عیراق".

پێشتریش بەهەوڵی فراکسیۆنی یەکێتی رێژەی وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی هەرێم لەلایەن حکومەتی عیراقەوه‌ زیادکرا، هەروەها توانییان پرسی بەپارێزگا بوونی هەڵەبجە بخەنە دانیشتنەکانی پەرلەمانەوە، ئەمە جگە لەوەی کە فراکسیۆنی یەکێتی لە بەغدا بەردەوام هەوڵی جێگیرکردنی پشکی هەرێمی لەپرۆژە یاسای بودجە داوە و داواکارییەکانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی گەیاندووەتە ئەنجومەنی نوێنەران و داواشیانکردووە نوسینگەی بانکی ناوەندی لەپارێزگاکانی هەرێم بکرێنەوە بەمەبەستی ئەوەی دۆلار بەنرخی رەسمی بانکی ناوەندی بگاتە دەست هاووڵاتیان هەرێم.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP