توركیا به‌ دروستكردنی به‌نداوێك به‌شه‌ ئاوی عێراق هێنده‌ی تر كه‌مده‌كاته‌وه‌

عێراق
21:10 - 2023-11-08


سه‌ره‌ڕای ناڕه‌زایی و نیگه‌رانییه‌كانی عێراق، توركیا به‌رده‌وامه‌ له‌ دروستكردنی به‌نداوێك له‌سه‌ر روباری دیجله‌، كه‌ هێنده‌ی تر عێراق دوچاری كه‌مئاویی ده‌كات. 

عەون زیاب عەبدوڵڵا، وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق دووپاتیکردەوە كه‌:" بەنداوی "جەزرە" کە تورکیا لەسەر ڕووباری دیجلە دروستی دەکات، پشکی عێراق لە ئاوی ڕووبارەکە زیاتر لە نیوە کەمدەکاتەوە"

 ئاماژەی بۆئەوەشکرد كه‌:" سەرەڕای ناڕەزایەتییه‌ فەرمییه‌كانی عێراق، به‌ڵام ئەنكەرە بەردەوامە لە پرۆسەی دروستكردنی به‌نداوه‌كه‌."
 
عەون زیاب لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هه‌واڵی“سپۆتنیک”ی روسیا رایگه‌یاندووه‌:" بەنداوی جەزرە، به‌شه‌ ئاوی عێراق لە ڕووباری دیجلە  زیاتر لە نیوە کەمدەکاتەوەو ئەو به‌شه‌شی كه‌ دەگات له‌ رووی چۆنایه‌تییه‌وه‌ خراپه‌، ئه‌وه‌ سەرەڕای ناڕه‌زایی فەرمی عێراق له‌سه‌ر دروستکردنی بەنداوەکە لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردووه‌وه‌ تا ئێستا، به‌ڵام تورکیا بەردەوامە لە دروستکردنی بەبێ ره‌چاوكردنی کاریگەرییە سه‌لبییه‌كانی لەسەر عێراق"  
 
ئاماژەی بۆئەوەشکرد، :" ئه‌نكه‌ره‌ پێیوایه‌ مافی خۆیه‌تی كه‌ چۆن مامه‌ڵه‌ به‌ ئاوی دیجلە و فورات بكات، چونکە لە ڕوانگەی خۆیەوە ئەم دوو ڕووبارە ڕووباری نیشتمانین کە سنوورە نێودەوڵەتییەکان دەبڕن نەک ڕووباری نێودەوڵەتی".

باسی له‌وه‌شكردووه‌:" ئه‌و قەیرانه‌ی ئێستای ئاو لە عێراق لەماوەی ٩٠ ساڵی رابردوودا وێنەی نەبووە، ئەوەش بەھۆی دروستکردنی بەنداو لەسەر روبارەکان لەلایەن ھەندێک وڵاتەوە."

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP