عێراق و ئازەربایجان چه‌ندین رێككه‌وتن له‌ بواره‌ جیاجیاكان ئیمزا ده‌كه‌ن

عێراق
12:53 - 2023-11-21


رۆژی دووشەممە 20-11-2023 لە کۆشکی سەرۆکایەتی زوگوڵبا لە باکۆی پایتەختی ئازەربایجان بە ئامادەبونی د.لەتیف جەمال رەشید سەرۆک کۆماری عیراق و ئیلهام عەلێییڤ سەرۆک کۆماری ئازەربایجان مەراسیمی ئیمزاکردنی چەندین رێککەوتن و یاداشتی لێکتێگەیشتن لەنێوان هەردوو وڵات بەڕێوەچوو. 

لە سەرەتای رێوڕەسمی ئیمزاکردنەکەدا، هەردوو سەرۆک داوایان لە وەزیر و ئەندامانی هەردوو وەفدەکە کرد، دەست بە ئیمزاکردنی رێککەوتننامەکان بکەن، لەسەرەتادا یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لەسەر هاوکاری نێوان وەزارەتی کار و پاراستنی کۆمەڵایەتی دانیشتوانی ئازەربایجان و هاوتا عیراقییەکەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئیمزاکرا، لایەنی عیراقی کە ئەحمەد ئەسەدی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بوو، رێککەوتنەکەی ئیمزاکرد، لە لایەنی ئازەربایجانەوە سەهل بابایێڤ وەزیری کار و پاراستنی کۆمەڵایەتی دانیشتوان ئیمزای کرد.

دواتر یاداشتێکی لێکتێگەیشتن سەبارەت بە هاوکاری لە بواری گەشتیاری لەنێوان وەزارەتی رۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەوار ئیمزاکرا، کە بە نوێنەرایەتی عیراق زافر مەهدی سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار ئیمزای کرد، فوئاد ناجیێڤ سەرۆکی ئاژانسی حکومەت بۆ گەشتوگوزار بەنوێنەرایەتی کۆماری ئازەربایجان ئیمزای کرد.

هەروەها یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن سەبارەت بە راوێژی سیاسی نێوان وەزارەتەکانی دەرەوەی هەردوو وڵات ئیمزاکرا، کە بە نوێنەرایەتی عیراق لەلایەن حسێن بەحر ئەلعلوم بریکاری وەزیری دەرەوە، لایەنی ئازەربایجانیش لەلایەن جەیهون عەزیزۆغڵو بیرامۆڤ وەزیری دەرەوە نوێنەرایەتی دەکرا.

ڕێوڕەسمی ئیمزاکردنی ئەو یاداشت و رێککەوتننامانە بە ئیمزاکردنی رێککەوتنی خزمەتگوزارییە ئاسمانییەکانی نێوان هەردوو وڵات کۆتاییهات، کە لە لایەنی عیراقییەوە عیماد ئەسەدی سەرۆکی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی ئیمزای کرد، لەلایەنی ئازەربایجانەوە رەشاد نابیێڤ وەزیری گواستنەوە و گەشەپێدانی دیجیتاڵی ئیمزای کرد.

لە پەراوێزی مەراسیمی ئیمزاکردنی یاداشتەکانی لێکتێگەیشتن و رێککەوتنەکان، هەردوو سەرۆک لەتیف جەمال رەشید و ئیلهام عەلیێڤ کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشیان ئەنجامدا.

لەسەرەتای قسەکانیدا سەرۆک کۆمار سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆک کۆماری ئازەربایجان دەربڕی بۆ بانگهێشت و پێشوازی گەرمی، جەختی لەوە کردەوە کە سەردانەکە سەرکەوتو و بەرهەمدار بووە و هەردوولا بەدوای هاوکاری و گەشەپێدان و وەبەرهێنانی زیاتر لە ژێرخانی ئابوری و نەوت و غاز و پرۆژەی جیاوازدا دەگەڕێن و لە هەمانکاتدا وەبەرهێنان لە عیراق و هاندانی بواری گەشتیاری لە نێوان هەردوو وڵاتدا.

هەروەها سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەدا، کە لە دیداری دوو قۆڵیدا لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئازەربایجان باس لە بارودۆخی عیراق و ئەو ئازادی و دیموکراسییە کراوە، کە لە ژێر سایەی دامەزراوە دەستوورییەکاندا بەدەستیدەهێنێت، هەروەک ئاماژەی بەو دۆخانە دا، کە عیراق پێیدا تێپەڕیوە، لەوانە جەنگ و ئابڵوقە و تیرۆر، کە بەشێوەیەکی نەرێنی کاریگەری لەسەر دۆخی ناوخۆ و نێودەوڵەتیی وڵاتەکە هەبو و بوەهۆی داڕوخانی ژێرخانی وڵاتەکە، بەڵام ئەمڕۆ عیراق لەڕێگەی لێکتێگەیشتن و ئاشتی و سەقامگیری ئەمنی و سیاسی لەنێوان سەرجەم مەزهەب و پێکهاتەکانی، شاهیدی پێشهاتە ئەرێنییەکانە.

سەرۆک کۆمار رایگەیاند، عیراق پێویستی بە ئاوەدانکردنەوە هەیە بەوپێیەی ئابورییەکی بەهێزی هەیە، کە تا رادەیەکی زۆر پشت بە نەوت دەبەستێت و رۆژانە هەناردەکردنی دەگاتە پێنج ملیۆن بەرمیل نەوت، هەروەها لە بواری کشتوکاڵ و گەشەپێدانیشدا پێویستی بە هاوکارییە بۆ بەرەوپێشبردنی زیاتر. رونیشیکردەوە، کە سودی سەردانەکەی بۆ باکۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتە، هەروەک وەفدی ئازەربایجان بەمزوانە دەگاتە بەغدا و بەشدار دەبێت لە دروستکردنی کەشێکی نوێ بۆ هاوکاری و وەبەرهێنان لە نێوان هەردوو وڵاتدا.

بەڕێز سەرۆک کۆمار جەختی لەوە کردەوە، کە عیراق باوەڕی بە پرەنسیپی دیالۆگ هەیە بۆ دورکەوتنەوە لە شەڕ و وێرانکاری، جەختی لەسەر مافی گەلی فەلەستین و پێکهێنانی دەوڵەتەکەیان بۆ چەسپاندنی بناغەکانی ئاشتی لە ناوچەکەدا کردەوە.
سەرۆک کۆمار ئیدانەکردنی ئەو کردەوانەی دوپاتکردەوە، کە لە غەزەدا ئەنجامدەدرێن لە کوشتن و پەلاماردانی مەدەنییەکان، سەرەڕای پەلاماردانی ژێرخانی غەزە لە خوێندنگە و نەخۆشخانە و خانو و دانیشتوان. ئومێدیشی خواست ئەو قەیرانە دەستبەجێ کۆتایی پێبێت و گەلی فەلەستین مافەکانی لەسەر خاکەکەی وەربگرێتەوە.

سەرۆک کۆمار روونیکردەوە کە زۆر بابەت هەن کە دەتوانرێت بە وردی لەگەڵ سەرۆک عەلیێڤ تاووتوێ بکرێن، بەڵام ئەو بابەتانە بۆ وەزیرەکانی هەردوولا جێدەهێڵێت، کە دەرئەنجامە تەواوکەرەکان رێکبخەن.

هەروەها بەڕێزیان خۆشحاڵی خۆی بە ئیمزاکردنی ئەو رێککەوتنانە و یاداشتنامەکانی لێکتێگەیشتن لەنێوان هەردوو وڵات دەربڕی و جەختی لەسەر بەدواداچوونی زیاتر لەپێناو دروستکردنی پەیوەندیی پتەو کردەوە، سەرۆک کۆمار لە کۆتایی قسەکانیدا  پیرۆزبایی لە سەرۆک ئیلهام عەلیێڤ و گەلی ئازەربایجان کرد بەبۆنەی سەرکەوتنیان لە بونیادنانی وڵاتەکەیان و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیرییەکەی.

لە بەرامبەردا سەرۆک عەلیێڤ بەخێرهاتنی بەڕێز سەرۆک کۆماری کرد و سەردانەکەی بە مێژوویی وەسفکرد بەوپێیەی یەکەم سەردانی رەسمیی سەرۆک کۆماری عیراقە بۆ ئازەربایجان و ستایشی بەشداریکردنی پێشووی کرد لە کۆنفرانسی وڵاتانی بێلایەن.

سەرۆک عەلیێڤ ئاماژەی بەوەدا، کە ئەم سەردانە دەبێتەهۆی کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و درێژەپێدەری پشتیوانیی یەکتری نێوان هەردوو وڵات دەبێت لەڕێگەی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک رێکخراوی وڵاتانی بێلایەن و رێکخراوی کۆنگرەی ئیسلامی و نەتەوە یەکگرتووەکان، هەمیشەش بەرگری لە سەروەری و پاراستنی خاکی یەکتر دەکەن.

سەرۆک عەلیێڤ رونیکردەوە، کە کورتەیەکی لەبارەی سروشتی پەیوەندییەکانی ئازەربایجان لەگەڵ ئەرمینیا بە سەرۆک کۆمار داوە، جەختی لەسەر هەوڵەکانی ئازەربایجان بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ ئەرمینیا و کارکردن بۆ دانانی بناغەکانی ئاشتی لە ناوچەکەدا، کردەوە.

سەرۆکی ئازەربایجان باسی لەوەکرد، کە مانگی داهاتوو لیژنەی دوو قۆڵی عیراق و ئازەربایجان لە بەغدا کۆدەبێتەوە، هەروەها لە ماوەی داهاتودا هێڵی راستەوخۆی ئاسمانی لەنێوان هەردوو پایتەخت فراوانتر دەبێت بۆ کەرکوک و هەولێر و بەسڕە، هەروەها هەوڵدەدەن ئاسانکاری بکەن بۆ پێدانی ڤیزەی هاتنە ژورەوە و گەشتیاری لە نێوان هەردوو وڵاتدا، جەخت لەوەش دەکەنەوە، کە ئەم سەردانە بۆ ئێمە سەردانێکی سەرکەوتوە و بەردەوام دەبین لە دیالۆگ.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP