نووسەر و رۆماننوسی بەناوبانگی كورد (بەختیار عەلی) خەڵاتی (2023)ی (هێڵدا دۆمین)ی لە وڵاتی ئەڵمانیا بەدەستهێنا، بۆ ئەم خەڵات و رێزلێنانە نێودەوڵەتیە، مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیاری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، خۆشحاڵی و پیرۆزبایی سەرجەم میدیاكارانی یەكێتی بە كاك (بەختیار عەلی) دەگەیەنێ و سوپاسگوزارە بە شاكار و بەرهەمە ئەدەبی و بیرییەكانی نوێنەرایەتی نەتەوەی كورد لەناو فەرهەنگ و رۆشنبیری جیهانیی دەکات.
مەكتەبی راگەیاندن لە یەك كاتدا دووجار بە خەڵاتەكەی ( بەختیار عەلی) رۆماننووس دڵخۆشە، یەكەمیان كە نوێنەرایەتی كورد دەكات لە كایەی فەرهەنگی و رۆشنبیری جیهانیی و دووەمیش سەری بەرزی سلێمانی بەرزتر دەكاتەوە، بەتایبەت كە شاری سلێمانی لە چەند رۆژی رابردودا یادی (239) ساڵەی خۆی كردەوە، دوو سەدە زیاتر لە داهێنان و بەخشینی بەرهەم و شاكاری گەورە، خەرمانی نوسین، خەڵاتەكەی (بەختیار عەلی)ش دەچێتە ناو هەمان دەستكەوتی مێژووی كورد و سلێمانیەوە.
جارێكی تریش پیرۆزبایی لە (بەختیار عەلی) دەكەین لە نوێنەرایەتی داهێنان و ئەندێشەی كوردی.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP