ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی دواخست و تەمەنی کۆمسیۆنشی درێژکردەوە

عێراق
16:31 - 2023-11-22

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، دانیشتنی نائاسایی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق دەستیپێكردو لە دانیشتنەكەدا دەنگ درا لەسەر دواخستنی بڕگەی هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌و هاوكات یاسای هەمواری کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ پەسەندکرد و تەمەنی کۆمسیۆن تاوەکو راگەیاندنی ئەنجامی ره‌سمی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکان و پەرلەمانی کوردستان، درێژکرایەوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، 22 تشرینی دووه‌م 2023 فەرمانگەی راگەیاندنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران له‌ راگەیەندراوێكدا ئاماژه‌ی بۆئه‌وه‌كردووه‌:" دانیشتنی نائاسایی ئه‌مڕۆی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بە سەرۆكایەتی موحسین مەندەلاوی، جێگری یەكەمی سەرۆكی ئه‌نجومه‌ن و ئامادەبوونی 180 ئه‌ندام دەستیپێكرد"

ئه‌وه‌شیخستووه‌ته‌ڕو كه‌:" كارنامه‌ی دانیشتنەكەی ئه‌نجومه‌ن لە 2 بڕگە پێكهاتبو، یه‌كه‌میان كردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن بوو بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی ئه‌نجومه‌ن و دووەمیشیان دەنگدان بۆ هەمواری یاسای كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان."

هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه‌ د. بڕیار رەشید ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران رایگەیاند:" بە کۆی دەنگ هەمواری یاسای کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق پەسەندکراو تەمەنی کۆمسیۆنه‌كه‌ تا راگەیاندنی ئەنجامی ره‌سمی هەڵبژاردنەکانی خولی نوێی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی پارێزگاکان درێژدەکرێتەوە."

راشیگه‌یاند كه‌ :"بەهۆی رێککەنەکەوتنی سیاسی سەرۆکی ئه‌نجومه‌ن هەڵنەبژێردرا."

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP