بافڵ تاڵەبانی ھاوسەرۆکیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاڕاستەی سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری کوردستان دەکات و رایدەگەیەنێت، دوای سەرکەوتنی کۆنگرە و ھەڵبژاردنەوەی جەنابتان ئەرکی سەرشانتان قورسە و ئومێدەوارین ھەمان رۆڵی رابردوو ببین و ھاندەرێکی باشتربێت بۆ پتەوکردنی پەیوەندی سیاسیی نێوانمان و سەرخستنی ئیرادەی چاکسازی راستەقینە و زیاتر خزمەتکردنی ھاووڵاتیان.
دەقی پەیامەکە...
بەناوی یەزدانی مەزنەوە
برای بەڕێزمان مامۆستا عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان.
بەڕێزان لە سەرکردایەتی و ئەندام و لایەنگرانی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان
بەبۆنەی بەستن و سەرکەوتنی چوارەمین کۆنگرەی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان و ھەڵبژاردنەوەی بەڕێز مامۆستا عەلی باپیر وەک سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان گەرمترین پیرۆزباییتان ئاراستە دەکەین.
بەستنی کۆنگرەی چوارەمی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لەکاتێکدایە کە ھەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە رووبەڕووی چەندین گرفتی سیاسی، ئابووری و قەیران بووەتەوە و لە ھەمووکات زیاتر پێویستمان بە یەکێتییەکی نیشتمانی، لێکتێگەیشتن و زمانی ھاوبەش ھەیە بۆ زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەکان تاوەکو پێکەوە خزمەتێکی شایستەتری کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بکەین و داکۆکی لە مافە دەستووریی و یاساییەکانمان بکەین.
کۆمەڵی دادگەری لە ھاوکێشە سیاسییەکاندا رۆڵی گرنگ و ھاوسەنگی بینیوە و بەشداربووە لە بەھێزکردنی قەوارەی ھەرێم، کە ئەمەش جێگەی ستایش و بەرز نرخاندنە.
ئەمڕۆش دوای سەرکەوتنی کۆنگرە و ھەڵبژاردنەوەی جەنابتان ئەرکی سەرشانتان قورسە و ئومێدەوارین ھەمان رۆڵی رابردوو ببین و ھاندەرێکی باشتربێت بۆ پتەوکردنی پەیوەندی سیاسیی نێوانمان و سەرخستنی ئیرادەی چاکسازی راستەقینە و زیاتر خزمەتکردنی ھاووڵاتیان و پێداچوونەوە بە سیستمی بەڕێوەبردن و باشکردنی گوزەرانی خەڵک و چەسپاندنی لامەرکەزی و گەڕانەوەی متمانە لەنێوان ھێز و لایەنە سیاسییە کوردییەکاندا.
لەم بۆنەیەدا بەدەرفەتی دەزانم جەختبکەمەوە ئێمە لە سەرۆکایەتیی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە چاوی ڕێز و پێزانینەوە لە رۆڵ و پێگەی ھێزە سیاسییە کوردییەکان دەڕوانین و لەگەڵ ئەوەداین پێکەوە ھەموومان ئەزموونی ھەرێمەکەمان باشتربکەین و جیاوازی سیاسی و بۆچوونە جیاوازەکانیشمان بخەینە خزمەت بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان و بەرەیەکی نیشتمانی یەکگرتوو پێکبھێنین و یەک پەیامی نەتەوەیی ئاڕاستەکراوی کوردستانی بگەیەنینە بەغدا و ناوچەکە. بەرژەوەندی خەڵک و ژیان و گوزەرانیان خەمی لەپێشینەی کارکردنمان بێت و چیتر رێگەنەدەین بەرژەوەندی حزبی، ململانێی سیاسی بڕیار لە چارەنووس و بژێوی ژیانی خەڵک بدات. بۆ ئەوەش ھیمەت و رۆڵی بەڕێزتان و کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بە گرنگ دەزانین.
دووبارە پیرۆزبایتان لێدەکەین
شاد و سەرفرازبن
براتان
بافڵ تاڵەبانی
ھاوسەرۆکیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP