كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان میكانیزمی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان دیاریده‌كات

عێراق
11:22 - 2023-12-03

به‌پێی نوسراوێكی كۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق، كه‌ ئاڕاسته‌ی دادگای فیدڕاڵی كراوه‌، میكانیزمی دابه‌شكردنی كورسییه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ پشت به‌ داتای ئه‌و ده‌نگده‌رانه‌ دیاری ده‌كرێت كه‌ تۆماری بایۆمته‌رییان هه‌یه‌، ئه‌وه‌ش به‌ پشتبه‌ستن به‌ یاسای ژماره‌ی چواری ساڵی ٢٠٢٣.

به‌پێی نوسراوێك به‌ پشتبه‌ستن به‌ یاسای ژماره‌ی ١٢ی ساڵی ٢٠١٨ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان، هه‌ر پارێزگایه‌كی عیراق ده‌بێت به‌ یه‌ك بازنه‌و هه‌ر بازنه‌یه‌كیش به‌پێی ژماره‌ی دانیشتووانه‌كه‌ی ژماره‌ی كورسییه‌كانی بۆ دیاری ده‌كرێت، به‌و پێیه‌ش هه‌رێمی كوردستان بۆ سێ بازنه‌ی هه‌ڵبژاردن دابه‌ش ده‌كرێت.

كۆمیسیۆن ده‌شڵێت: ژماره‌ی كورسییه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان ١١١ كورسییه‌، له‌و ژماره‌یه‌ ٤١ كورسیان له‌ پارێزگای سلێمانی و ٣٤ كورسی له‌ پارێزگای هه‌ولێر و ٢٥ كورسی له‌ پارێزگای دهۆك ده‌بێت، ١١ كورسیش تایبه‌تن به‌ پێكهاته‌كان، به‌جۆرێك پێنج كورسی بۆ كلدانی و ئاشورییه‌كان، پێنج كورسی بۆ توركمان، كورسییه‌كیش بۆ ئه‌رمه‌نییه‌كان ته‌رخان ده‌كرێن.



بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP