دادگای فیدراڵی عیراق چەند بڕیارێكی په‌یوه‌ست به‌ داهات و مووچەو بودجە هه‌ڵبژاردنی هەرێم دا

عێراق
15:27 - 2024-02-21


دادگای فیدراڵی عیراق بۆ شەش دۆسییە كۆبووەوە، كە جگە لە سكاڵاكەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەبارەی یاسای هەڵبژاردن لەهەرێم، بڕیاری لەسەر چەند دۆسیەیەكی پەیوەندیدار بە پرسی مووچەو بودجەی هەرێمی كوردستان دا. 

جاسم محەمەد عەبود سەرۆكی دادگای باڵای فیدراڵی لە دانیشتنەكەدا بڕیاریدا كە، "پێویستە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان وەك مووچەخۆرانی عیراق بەنیشتمانی بكرێت، بۆ ئەمەش پێویستە هەردوو حكومەتی عیراق و هەرێم هەماهەنگی زیاتر بكەن، بۆ ئەوەی مووچەخۆرانی هەرێم مانگانە لەكاتی خۆیدا مووچەكانیان پێبدرێت، هەروەها ئەو پارەیەی كە بۆ هەرێم دەنێردرێت نابێت بە شێوەی قەرز بێت".

هەر لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆكی دادگای فیدراڵی بڕیاریدا كە، "دادگا هەریەك لە سەرۆكوەزیرانی عیراق و هەرێم پابەند دەكات بە دابینكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، هاوكات وەزارەتی دارایی عیراق پابەندە بەدابینكردنی شایستە داراییەكانی هەرێم، نابێت حكومەتی هەرێمیش گەلی كورد لە داراییەكەی بێبەش بكات".

جاسم محەمەد عەبود سەرۆكی دادگای باڵای فیدراڵی لە دانیشتنەكەدا بڕیاریدا كە، "دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان داهاتی نەوتی و نانەوتی رادەستی بەغدا بكات، دەشبێت لە هەرێم رێگە بەدیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ بدرێت بۆ وردبینی لە خەرجی و لیستی مووچە و مووچەی مانگی داهاتووی هەرێم هاوشێوەی پارێزگاكانی عیراق دابەشبكرێت".

سه‌باره‌ت به‌ یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانش، دادگا بڕیاریدا بە ھەڵوەشانەوەی ١١ کورسی کۆتاکان کە بۆ پێکھاتەکان دیاریکرابوون و ھەرێمی کوردستانیشی بۆ چوار بازنەی ھەڵبژاردن دابەشکرد واتە فرە بازنەیی بێت.

بەوپێیەش ژمارەی کورسیەکانی پەرلەمان کەمکرانەوە بۆ ١٠٠ کورسی و کۆمیسیۆنی عێراقیش شوێنی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنی  پەرلەمان دەگرێتەوە، ھەروەھا ٣٠٪ی کورسیەکانی پەرلەمانیشی تەرخانکرد بۆ ژنان.


بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP