یەكێتی داواده‌كات زیانلێكه‌وتووانی بازاڕی له‌نگه‌ی هه‌ولێر قه‌ربووبكرێنه‌وه‌

کوردستان
17:12 - 2024-02-28

یەكێتی دۆسییەی زیانلێكەوتووانی ئاگرەكەی بازاڕی لەنگەی هەولێر، دەخاتەبەردەم سەرۆك وەزیرانی عیراق و پێداگریی لەسەر قەرەبووكردنەوەیان دەكات، بەپێی زانیارییەكانیش 40% ی بازاڕەكە سووتاوە كە نزیكەی 800 دوكانە.

فراكسیۆنی یەكێتی دۆسییەی زیانلێكەوتووانی بازاڕی لەنگەی هەولێر ئامادە دەكات
كەریم مەلا شكور سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی بە وەكالەت لە ئەنجومەنی نوێنەران، بە وێبسایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگەیاندووه‌: "فراكسیۆنەكەمان بەڕەسمی داوای قەرەبووی زیانی ئەو رووداوە نەخوازراوە لە حكومەتی عیراق  دەكات كە بەهۆی ئاگرەوە كە لەكاسبكارانی بازاڕی لەنگەی هەولێر كەوت".

 كەریم مەلا شكور دەڵێت :"بۆ مەبەستی قەرەبووكردنەوەكە، دۆسییەی زیانلێكەوتووانی ئاگرەكە ئامادە دەكەین بە ناو و قەبارەی دارایی زیانەكە، پێشكەشی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق دەكەین كە قەرەبوو بكرێنەوە لەو بودجەیەی كە بۆ رووداوی سروشتی و نەخوازراو لەعیراق هەیە"  .

نزیكەی 800 خاوەن دوكان زیانیان بەردەكەوێت
ئاگرەكەی بازاڕی لەنگەی شاری هەولێر زیانی ماددی بە نزیكەی 800 دوكانی جۆراوجۆر گەیاند و لیژنەی لێكۆڵینەوەش لە رووداوەكە پێكهێندراوە، بەرگریی شارستانی شارەكەش ئاشكرایدەكات، كە بە پێی زانیارییە سەرەتاییەكان 40% ـی بازاڕەكە سووتاوە.

بەگوێرەی وتەی چەند دوكاندارێك كە قسەیان بۆ PUKMEDIA كردووه‌، سەرباری سووتانی زۆرێك لەدوكانەكانیان، بەهۆی قەرەباڵغییەوە دزییەكی زۆریشیان لێكراوە، بەتایبەت دوكانی مۆبایل و كەرەستەی گرانبەها.

دوكانداران گومانیان لەرووداوەكە هەیە 
ئاگرەكەی بازاڕی لەنگە نزیكەی سەعات 7:00 ئێوارەی دوو شەممە 27/2/2024 كەوتەوەو كۆنترۆڵكردنەكەشی نزیكەی 3 سەعاتی خایاند، بەگوێرەی زانیارییەكان 800 دوكانی هەمەجۆر سووتاون، لەكاتێكدا بازاڕەكە 2400 دوكانە.

بایز سدیقی تەمەن 45 ساڵ كە شاگردە لە دوكانێكی پێڵاوی ئەوروپی بەكارنەهاتووی بازاڕەكە بە PUKMEDIA  ی وت: "بۆ وەرزی نوێ چەند رۆژێكە كالە و پێڵاوی ماركەمان هێنابوو، هەمووی سووتان هیچمان بۆ دەرنەچوو، كە بەهای زیانەكەمان زیاتر لە 25 هەزار دۆلارە".

فوئاد وتی:" زۆربەی دوكاندارەكان گومانیان هەیەو قسەی ئەوە دەكرێت كە بە ئەنقەست سوتێندرابێت و بیستومانە كە لیژنەی لێكۆڵینەوە بۆ هۆكارەكەو دزیاریی بازاڕەكەش پێكهێنراوە، بەڵام كارەبا كوژێنرابووەو زۆربەی دوكانەكان كامێرامان هەیە، بەڵكو سەرەداوێك ئاشكرا ببێت".

یەكێتی ئامانجی خزمەتكردنە
لەبارەی هەوڵەكانی یەكێتیش بۆ قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووانی ئەو رووداوە، كەریم مەلا شكور سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی بە وەكالەت لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئاماژەی بۆئەوەكرد: "نوێنەرانی یەكێتی لە حكومەت و ئەنجومەنی نوێنەران هەر كارێكیان بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتیان پێبكرێت درێغی ناكەن، لەم روانگەیەشەوە داوای قەرەبوو بۆ زیانلێكەتووانی بازاڕی لەنگەی هەولێر لە حكومەتی عیراق دەكەین".

پێشتریش چەند جارێك بازاڕەكە سووتاوە
چەند جارێكی دیكەش بازاڕی لەنگەی هەولێر كە لە ناو سەنتەری شار بوو كە ئێستا (بازاڕی نیشتمانە) سووتاوەو هەر بەهۆكاری سووتان، شوێنەكەیان گواسترایەوە بۆ شوێنی ئێستایان كە سەر شەقامی 40 مەتری و 100 مەترییە،  تائێستا لەم جێگا نوێیە دووجار سووتاوە، ساڵی 2018 و ئەمساڵ 2024.

PUKMEDIA ئاماژه‌ی بۆئه‌وه‌شكردووه‌ كه‌، بەگوێرەی بەدواداچوونه‌كانیان " بڕیارە دوای لێكوڵینەوەو بەدواداچوونی لایەنە پەیوەندیدارەكان و راپۆرتی كۆتایی لیژنەكان، زیانە ماددییە خەمڵێنراوەكان ئاشكرابكرێن".

هەوڵی تێكدانی بازاڕەكە دەدرێت
خەسرەو عەبدوڵڵا تەمەنی 60 ساڵەو لە ساڵی 1997ـەوە لە بازاڕی لەنگە كاردەكات و یەكێكە لە زەرەمەندانی هەردوو ئاگرەكەی ئەو بازاڕە بە PUKMEDIA ی وت: "ئەمجارەش زیانی ملیۆنان دۆلار لە كاسبكاران كەوتووە و داواكارین "قەرەبوومان بكرێتەوە" و هەرچی هەمبوو سووتا و تاڵان كرا".

خەسرەو عەبدوڵڵا وتی :"دووساڵ پێش ئێستا، دەنگۆی تێكدانی ئەم بازاڕە لەئارادا بوو، دواتر بەدواداچوونمان كرد و لە شارەوانی دڵنیایان كردین كە تێك نادرێت، بەڵام دەبێت گرێبەستەكانمان نوێ بكەینەوە، هەرچەندە گومانمان هەیە كە سووتێنراوە، ئەوكاتیش تا گواستمانەوە بازاڕمان لێبوو بە دۆزەخ و دەسوتێندرا".

لە ئاگرەكەی شەوی 27/2/2024 لە كۆی 2400 دوكان زیاتر لە 800 دوكان زیانیان بەركەوت، ئەمەش لە كاتێكدایە لە ئاگرەكەی ساڵی 2018 شدا 1200 دوكان سووتان، ئەوكاتەش دوكانداران گومانیان هەبوو كە بازاڕەكەیان سووتێندرابێت نەك سووتابێت.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP