سودانی: ئاڵوگۆڕی بازرگانیی عیراق-ئەمریكا ناگاتە 10 ملیار دۆلار

ئابوری
16:13 - 2024-04-18

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لەمیانەی سەردانەكەیدا بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكان ئاماژەی بە كراوەیی بواری وەبەرهێنان لە عێراق بۆ راكێشانی گەورە كۆمپانیاكانی جیهان كرد بۆ بەشداریكردن لە گەشەی ئابوری و ئەو پرۆژانەی ژێرخانی ئابوری كە لە عێراق هەن.

وتیشی: لە میانەی گفتوگۆ و لێككەیشتنەكان لەگەڵ لایەنی ئەمریكی رێككەوتین لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندی و چالاككردنی كەرتی تایبەت و، پاڵپشتیی كاری كۆمپانیا ئەمریكییەكان بۆ عێراق.

باسی لەوەشكرد: قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان عێراق و ویلایەتە یەكگرتووەكان 10 ملیار دۆلار تێناپەڕێنێت، لەكاتێكدا سندوقی پەرەپێدانی عێراق ئامانجیەتی كەرتی تایبەت بەشداریپێبكات و چارەسەری بیرۆكراسیەت و رۆتین بكات بۆ راكێشانی كۆمپانیاكان.

ئەو وتانەی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەپێی راگەیەندراوێكی نووسینگەكەی لەمیانەی ئەو دیدارەیدا بوو كە ئێوارەی چوارشەممە لەگەڵ سەرۆك و نوێنەرانی ژمارەیەك گەورە كۆمپانیای ئەمریكی لە واشنتن ئەنجامیدا و، لەلایەن ژووری بازرگانیی ئەمریكاوە رێكخرابوو.

بە چاودێریی سودانیش چەند یاداشتێكی لێكتێگەیشتن لەنێوان وەزارەتەكانی كارەبا و نەوت و سندوقی پەرەپێدانی عێراق لەگەڵ دامەزراوە و كۆمپانیا ئەمریكییەكاندا ئیمزا كرا، سەرەڕای یاداشتی هاوشێوە لەنێوان نوێنەرانی كەرتی تایبەتی عێراقی لەگەڵ كۆمپانیا ئەمریكییەكان لە بوارەكانی وزە و پیشەسازیی دەرمان، وەك ئەوەی لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا هاتووە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP