ته‌یف سامی پرسی به‌بانكیكردنی مووچه‌ی فەرمانبەرانی ھەرێم یه‌كلاييده‌كاته‌وه‌

ئابوری
12:36 - 2024-04-20


وەزیری دارایی عێراق جه‌ختده‌كاته‌وه‌، پرسی بە بانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم تەنیا لە رێگەی هه‌ر سێ‌ بانکی  (رەشید و رافیدەین و  تی بی ئای)ه‌وه‌ جێبەجێ دەکرێت.

تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق لە نوسراوێکی رەسمیدا کە لە ٧ی ئەم مانگەدا ئاڕاستەی نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێمی کوردستانی لە بەغداد کردوە رایگه‌یاندووه‌:" پرسی بە بانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم تەنھا لە رێگەی بانکەکانی حکومەتی عێراقی (ره‌شید و رافیده‌ین و تی بای ئای)ه‌وه‌ دەبێت.

ئاماژه‌ی بۆئه‌وه‌شكردووه‌:" فەرمانبەران سەربەستن لە ھەڵبژاردنی ھەر یەکێک لەو سێ بانکانەی حکومەتی فیدڕاڵ."

به‌پێی نووسراوه‌كه‌:" وەزارەتی دارایی عێراق پابەندە بە بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی و لەو چوارچێوەیەشدا بەردەوام دەبن لە رەوانەکردنی مووچەی فەرمانبەرانی مەدەنی و سەربازی ھەرێم، بەڵام عێراق بەرپرسیار نییە لە پێدانی سێ مووچەی ساڵی رابردووی فەرمانبەرانی کوردستان، بەڵکو ئەو سێ مووچەیە لە ئەستۆی حکومەتی ھەرێمدایە کە ئەوکات خاوەن داھاتی خۆی بووە و دەبێت دابینی بکات. "

ده‌رباره‌ی بە پلە بەرزکردنەوەش ده‌ڵێت:" ئەرکی حکومەتی ھەرێمی کوردستانە رێکارەکان بگرێتە بەر بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی ھەرێم و ئەو پرسە ھیچ پەیوەندیەکی بە حکومەتی فیدراڵه‌وه‌ نییە."

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP