لیژنەی دارایی: چاوەڕوانین لەم مانگەدا هەمواری بودجە بگاتە پەرلەمان

ئابوری
23:18 - 2024-04-21

عەتوان عەتوانی سەرۆكی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، چاوەڕوانن لەم مانگەدا خشتەكانی تایبەت بەبودجەی 2024 بگاتە ئەنجومەنی نوێنەران.

وتیشی، هەوڵدەدەین، بۆ ڕاستكردنەوەی ئاراستەی بودجە لەڕێی زیادكردنی داهاتە نانەوتییەكان، هاندانی كەرتی تایبەت و كەمكردنەوەی خەرجیی بەكاربردن.

پێشتریش موعین کازمی ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران لەلێدوانێکدا راگەیانبوو: گۆڕانکاری لەخشتەی یاسای بودجەی فیدڕاڵی کراوە بەهۆی زیادبوونی بودجەی بەکاربردن و وەبەرهێنان و، تەرخانکردنە داراییەکان بۆ مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی و کارتی بەشەخۆراک، لەئەنجامیشدا ناردنی خشتەی بودجە بۆ ئەنجومەنەکە دواکەوتووە.

بەگوێرەی وتەکانی موعین کازمی بودجەی گشتیی ئەمساڵ، 228 ترلیۆن دیناری تێپەڕکردووە، دوای ئەو زیادبوونانەی ڕوویداوەو پێشبینیدەکرێت نزیکەی 80 ترلیۆن دینار کورتـهێنانی دارایی هەبێت.

جەختیشیکردووەتەوە: دوای گەڕانەوەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەئەمریکا دەنگ لەسەر خشتەی بودجەی فیدڕاڵی دەدات و لەکۆتایی ئەم مانگەدا دەگاتە ئەنجومەنی نوێنەران.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP