تەلار لەتیف: تانە لە بڕیاری گەڕاندنەوەی پێنج كورسی بۆ كۆتاكان ده‌ده‌ین

کوردستان
17:28 - 2024-05-22


لێپرسراوی ناوەندی یاسایی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، دڵنیایی ده‌دات كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، یه‌كێتی كورسی زۆر به‌ده‌ستده‌هێنێت، راشیده‌گه‌یه‌نێت له‌ داهاتوودا سه‌رۆكی هه‌رێم یان سه‌رۆكی حكومه‌ت و چه‌ند ده‌سه‌ڵاتێكی ده‌بێت بۆ یه‌كێتی بێت"
ده‌شلێت:"تانه‌ له‌ بڕیاری گەڕاندنەوەی پێنج كورسی بۆ كۆتاكان ده‌ده‌ین"

تەلار لەتیف، لێپرسراوی ناوەندی یاسایی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ دیدارێكیدا له‌گه‌ڵ كەناڵ8، سه‌باره‌ت به‌ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان و ژماره‌ی ئه‌و كورسییانه‌ی یه‌كێتی ده‌توانێت به‌ده‌ستیبهێنێت وتی: "بەدڵنیاییەوە وەكو یەكێتی كورسی زۆر دەهێنین لە هەڵبژاردن، ئەوەش ترسی لەلای لایەنێكی سیاسی دروستكردووە، هەروەها لە داهاتوودا سەرۆكی هەرێمی كوردستان یاخود سەرۆكی حكومەت و چەند دەسەڵاتێكی دیكە، دەبێت بۆ یەكێتی بێت".

لەبارەی بڕیاری گەڕاندنەوەی پێنج كورسی بۆ كۆتاكانش روونیكرده‌وه‌:" تانە لە بڕیاری گەڕاندنەوەی پێنج كورسی بۆ كۆتاكان دەدەن، چونكە لە دەسەڵاتی ئەو دەستەیە نییە كورسی كۆتاكان بگەڕێنێتەوە، هەڵەبجەش بێبەشكراوە لە كورسی بۆ كۆتاكان."

سه‌باره‌ت به‌ سكاڵاكه‌ی مه‌سرور بارزانیش كه‌ به‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی كاربه‌رێكه‌ر ناوی برد وتی:"وەرگرتنی سكاڵاكەی مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەری هەرێمی كوردستان یاسایی نەبوو، دەبوایە هەر لەسەرەتاوە رەتبكرێتەوە".

له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌، ماڵپه‌ری فه‌رمیی یه‌كێتی له‌زاری تەلار لەتیف بڵاویكرده‌وه‌:" بڕیارەکەی دەستەی دادوەری هەڵبژاردن لەبارەی دابەشکردنی کورسی کۆتای پێکهاتەکان لەپەرلەمانی کوردستان بڕگەی نایاسایی تێدایە و تانەمان لەبڕیارەکە داوە"و داواشیكرد بازنەی هەڵەبجە لە کورسیی کۆتای پێکهاتەکان بێبەش نەکرێت.

لێپرسراوی ناوەندی کاروباری یاسایی یەکێتی ده‌ڵێت:" دەمانەوێت پێکهاتەکان نوێنەری راستەقینەی خۆیان لەپەرلەمانی کوردستان هەبێت، بۆ ئەوەی داکۆکی لەمافە رەواکانی خۆیان بکەن، بۆ ئەمەش یەکێتی پشتیوانیان دەبێت".

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP