سەعدی ئەحمەد پیرە
دامەزراندنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە هەلومەرجێکدا بوو، کە شەوەزەنگی تاریکی ناهومێدی باڵی بەسەر کوردستان و میللەتەکەماندا کێشابوو بەهۆی هەرەسهێنانی شۆڕشی ئەیلول بارودۆخێكی ئاڵۆزو دژوار هەموو بەشەكانی تری كوردستانی گرتبوەوە. دوای رێکەتنامە شومەکەی جەزائیرلە١٩٧٥،هەندێ لە كاربەدەستانی عێراق گرەویان لەسەر ئەوە دەكرد كە مەحاڵە جارێكیترچیاكانی كوردستان باوەش بۆ پێشمەرگەی چەكدار بكەنەوەو دەیانگوت (یاخی بوون) هەتا هەتایە كۆتایی پێهات، تەنانەت سەدام حسێن ڕایگەیندبوو"جەلال دار خورما لە سەری بڕوێ جارێكیتر ناتوانێت حەوت كەس بنێرێتە شاخ"،بەڵام دوای کەمتر لە دوو مانگ لەهەرەسی شۆڕش هەوڵەکان بۆ دامەزراندنی یەکێتی دەستی پێکردو خەیاڵی بەعس لە گۆڕنرا،ئەوە بوو لە22/5/1975دا لە (دیمەشق) لە ڕیستورانتی (قلیقلە) لە گەڕەكی (ئەبو رمانە) یەكەم كۆبونەوەی دەستەی دامەزرێنەری یەکێتی بەسترا، لەم كۆبونەوەیەدا (مام جەلال، د.فوئاد معسوم، عادل موراد، عبدالرزاق فەیلی) بەشداربوون. پڕۆژەی ئەو بەیانەی كە (مام جەلال) نوسیبوی دوای دەستكاریكردنێكی كەم چاپكراو یەكەم بەیانی دامەزراندنی (ی.ن.ك) ڕاگەیەنرا. لەئەوروپاش بۆ ئەم مەبەستە هەوڵ وكۆشش بەردەوامبوو. لە ڕۆژی27/5/1975كۆبونەوەیەك لە گەڕەكێكی كەناری (بەرلین) لە ئەڵمانیا بەسترا. لەم كۆبوونەوەیەدا كە مام جەلال سەرپەرشتی دەكرد كۆمەڵێك كەسایەتی وكادیری تێكۆشەر كە نزیكەی(20)كەس دەبوون بەشداربوون،دواترلە1/6/1975دا بەیانەكە لەئەوروپا بڵاوكرایەوەو دواتر هەر ئەو مێژووەش بوو بە رۆژی راگەیاندنی رەسمی (ی.ن.ك) .
دامەزراندنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان وەک ڕێكخراوێكی فراوانی ئەوتۆ كە گشت تێكۆشەران بەبێ گوێدانە ئایدۆلۆجییەكی تایبەتی بگرێتەخۆ. هەربۆیە (ی.ن.ك) لەسەرەتای دامەزراندنیەوە چەندین هێڵ و باڵی سیاسی تێدابوو.ئەم ڕەوتانەش دواتر لەچەند ڕێكخراوێك بەرجەستە بوون كە یەكێتی یان پێكهێنا:كۆمەڵەی ماركسی لینینی كوردستان،بزووتنەوەی سۆسیالستی كوردستان،هێڵی گشتی (ی.ن.ك).
بۆ بەرەنگاربوونەوەی پیلان و بەرنامەی دوژمنکارانەی بەعس لە دژی گەلی کوردستان، سیاسەتی بە عەرەبکردن،گۆڕینی دیموگرافی لە دژی کەرکوک و ناوچەکانی تری کوردستان، هەرسێ ڕەوتی ناو یەکێتی لەسەرسەركردایەتیەكی هاوبەش، هێزێكی چەكدار، بودجەو ڕاگەیاندنێكی هاوبەش وسیاسەتێكی دەرەوەی هاوبەشان ڕێککەوتن .
دوای تێپەڕبوونی ساڵیک بەسەر دامەزراندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەرەڕای سەختی بارودۆخی ئەوسای کوردستان،یەکێتی شۆڕشی چەکداری بەڕووی زوڵم وستەمی رژێمی بەعس هەڵگیرساند.لەماوەیەکی چێوەڕواننەکراودا یەکێتی توانی چەند ناوچەیەک رزگار بکات وبارەگاکانی شۆڕشی نوێێ لێ دامەزراند،توانی ئازایانە ڕووبەڕووی فشارەکانی هێزەکانی بەعس ببێتەوە.
لەکاتێکدا یەکێتی رۆژ بەرۆژ هەوڵی دەدا سنووری چالاکیەکانی پێشمەرگە بۆسەرجەم گوند و ناوچەکانی باشوور بگوازێتەوە،بەداخەوە لە١٩٧٨یەكێتی رووبەڕووی كارەساتێكی گەورە بوەوە، كە بەكارەساتی هەكاری ناسراوە كە تێیدا ژمارەیەكی زۆر سەركردەو فەرماندەی قارەمانی لێ شەهید كرا.بەڵام دوای ئەو كارەساتەش یەكێتی هەڵسایەوەو گیانی بەرخۆدان و مقاوەمەت زیاتر تاوی سەندو یەكێتی وشۆڕشەكەی زیاتر گەشەیان كرد .
لەماوەی شەڕێ عیراق–ئیران یەکێتی وەک هێزێکی کاریگەر لە گۆڕەپانی خەباتی کوردایەتی دەستی برایەتی ئاشتی و هاوخەباتی بۆ حیزبە کوردستانییەکان درێژکرد ولە١٩٨٨بووە هەوێنی لەدایکبوونی بەرەی کوردستان.
دوای کۆتایی هاتنی گفتوگۆکانی نێوان یەکێتی و حکومەتی عیراق لە١٩٨٥،ڕژێمی بەعس هەموو توانای سەربازی لەدژی یەکێتی بەکارهێنا.لەكۆتایی ساڵی1987وەبەپیلانێكی فراوان كە گشت هێزو یەكە سەربازییەکانی خستەگەڕ بۆ داگیركردنی ناوچە ئازادکراوەکانی یەکێتی. لەدوای كارەساتی ئەنفال یەكێتی جارێکی تر دڕی بەو بێئومێدییە داو وبەمەفرەزەی پارتیزانی
چەند دەستەیەك پێشمەرگەی ناردەوە ناوچەكانی كوردستان،ئەو پارتیزانانە جگە لەئەركی پێشمەرگانە، بوونە رایەڵەو پردی گرێدانەوەی سەركردایەتی یەكێتی لەگەڵ دانیشتوانی ناوچەكە كە لەئۆردوگا زۆرەملێكاندا.
کاتێک رژێمی سەدام دەوڵەتی کوێتی داگیرکرد، قۆناغێکی تازە لە عێراق و ناوچەکە هاتە پێشەوە یەکێتی وەک هێزێکی سەرەکی بەرەی کوردستانی خۆی بۆ ڕووداو و پێشهاتە نوێیەکان ئامادەکردبوو، بەشایەتی دۆست ونەیارەکان،یەکێتی هێزی سەرەکی ونەخشە داڕێژەری پلانی راپەڕینی ئاداری١٩٩١بوو کە بەهاوکاری بەرەی کوردستانی وجەماوەری خۆڕاگری گەلەکەمان بەسەرکەوتوویی جێبەجێکرا. دوای سەرکەوتنی راپەڕین وشكستی گفتوگۆکانی نێوان حكومەتی بەغداو بەرەی کورستانی وكشانەوەی دەزگاكانی بەعس لەكوردستان،بەرەی كوردستانی و یەكێتی وەك حزبێكی گەورەی كوردستان، بیرۆكەی دامەزراندی حكومەت و هەڵبژاردنی لەكوردستان هێنایە ئاراوە، ئەوەبوو لەگەڵ حزبەكانی بەرەی كوردستانی لە١٩ی ئایاری١٩٩٢یەکەم خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدرا،بۆ یەکەمجاریش لەسەر داوای سەرۆک مام جەلال پێنج کورسی کۆتا بۆ پێکهاتەی کریستانەکان دیارکرا.
یەکێتی مافی چارەی خۆنووسینی وەک دروشمێکی سەرەکی خەباتی خۆی لەکارنامەی حکومەتی هەرێمی کوردستان جێگیرکردو بەهەوڵ و بەرنامەی فڕاکسیۆنی سەوز لە٤ی تشرینی یەکەمی١٩٩٢پەرلەمانی کورسستان مافی چارەی خۆنووسینی لەچوارچێوەی یڕیاری فیدڕالیزم بۆ دیاریکردنی ئایندەی پەیوەندیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا لەسەر سیستمی فیدڕالی دیاریکرد. لەڕووی ئازادی مافە مەدەنییەکانیش یەکێتی دەرفەتی ئازادی بیروڕای بۆ رۆژنامەنووسان پاراستنی مافی ژنان و کاری رێکخراوەیی ڕەخساند.
لە٢٠٠٣قۆناغیکی نوێ بۆ کاری هاوبەش لەنێوان یەکێتی و پارتی دەستی پیکردو هەرێمی کوردستان بەیەکگرتوویی هێزە سیاسیەکان خۆی بۆ قۆناغی ڕوخاندنی ڕژێمی سەدام وئازادکردنی عیراق ئامادە کرد. یەکێتی رۆڵێکی دیارو بەرچاوی لە پڕۆسەی ئازادکردنی عیراق و رزگارکردنی کەرکوک بینی ،لە بیناکردنەوەی دەوڵەتی عیراقیش سەرکردایەتی یەکێتی بە ڕابەرایەتی ڕاونشاد سەرۆک مام جەلال ڕۆڵی سەرەکی و بەرچاوی بینی لە ڕیکخستنەوەی عیراق و جێگیرکردنی بەشێکی بەرچاوی مافەکانی کورد وچەسپاندنی سیستمی فیدڕاڵی وپەڕلەمانی وپاراستنی مافی ژنان وئازادیەکان و دیموکراسی ومافی مرۆڤ لەدەستووری هەمیشەیی عێراقدا.
هەروەها لەشەڕی دژ بەتیرۆرستانی قاعیدە ودواتریش داعش هێزەکانی پێشمەرگە و دژە تیرۆری یەکێتی ڕۆلی بەرچاویان بینی وشەهید و قوربانی گەورەیان لەپێناو پاراستنی تەواوی ناوچە کوردستانییەکان وقەوارەی هەرێم و دەستکەوتەکانی گەلەکەمان پێشکەش کرد وسەرکەوتن و نەبەردی گەورەیان لەڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستان بینی.
ڕاستە یەکێتی لە٣٣ساڵی ڕابردوا هێزێکی سەرەکی و کاریگەری پرۆسەی سیاسی و حوکمڕانی بووە لەهەرێمی کوردستان و عیراقدا، کە تیادیدا کاری زۆرو دەستکەوتی گرنگ و بەرچاوی بۆ گەلی کوردستان و جەسپاندنی دیموکراسیەت لە عیراق وکوردستان دابینکردووە، بەڵام لە بەرپرسیاریەتیش ڕاناکات کەڕەنگە لەهەندیک قۆناغ بەهۆی ئەو گەلەکۆمەکی وئەو دۆخانەی بەسەر یەکێتیدا داهاتووە رەنگە نەیتوانیبێت وەک پێویست پلان وبەرنامەکانی خۆی لە حوکمڕانیەکی باش و دابینکردنی دەرفەتی کارو بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی وچارەسەرکردنی کێشەی موچەی فەرمانبەران و دابینکردنی شەفافیەت لە خەرجی وداهاتەکانی نەوت وەک پێویست جێبەجێبکات. بەڵام هەمیشە لەگەڵ بەرەی گەلی کوردستان ومافە دەستوورییەکان پاراستنی قەوارەی سیاسی و یەکپارچەیی هەرێمی کوردستان درێژە بەخەباتی دیموکراسی و رێکخراوەیی و مەدەنیانەی خۆی دەدات.
ئێستاش لەم قۆناغە هەستیارەی کە هەریم و عیراق و ناوچەکەی پێدا تێپەڕ دەبێت،یەکێتی یڕوای نەگۆڕی بەوە هەیە کە پێویستە کێشەکانی ناوخۆی هەرێم بەزووترین کات لەڕێی دانیشتن و دیالۆگ لەسەر هەرسێ بنەمای(هاوبەشی ، سازان وهاوسەنگی)لەنێوان یەکێتی و پارتی چارەسەر بکرێت بۆ ئەوەی بتوانین بەیەکەوە ئەم دۆخە سەختەی هەرێم لەڕێی هەڵبژاردنەوە چارەسەر بکەین.
لەکۆتاییدا سەری رێزو نەوازش بۆ گیانی پاکی ڕەوانشاد سەرۆک مام جەلال وتێکۆشەرانی تری کۆچکردو لەئەندامانی دەستەی دامەزرێنەرو شەهیدە سەربەرزەکان وسەرجەم شەهیدانی ڕیگای ڕزگاری و ئازادی گەلەکەمان دادەنەوێنم.
بەرزو شەکاوە بێت ئاڵای سەوزی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بژی کورد،بژی کوردستان ..
* وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP