قوباد تاڵەبانی مۆزەخانەی پێشمەرگە شەهیدەکانی شەڕی داعشی لە چەمچەماڵ کردەوە

کوردستان
12:25 - 2024-06-30


قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، ئەمڕۆ یەکشەمە ( ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٤) لە سەردانەکەیدا بۆ چەمچەماڵ بە یاوەری دکتۆر دارا رەشید، وەزیری پلاندانان و لیوا چەتۆ ساڵح، بریکاری وەزیری ناوخۆ و قایمقامی چەمچەماڵ و بەڕێوەبەری شەهیدانی چەمچەماڵ سەردانی مۆنۆمێنتی ئەنفالی کرد و بە یادی هەموو شەهیدانی ئەنفال، تاجە گوڵینەی رێز و وەفای لە مۆنۆمێنتەکە دانا.

دواتر جێگری سەرۆک وەزیران مۆزەخانەی پێشمەرگەی شەهیدەکانی شەڕی داعشی کردەوە، کە مۆزەخانەکە بۆ رێزگرتن لە گیانفیدایی پێشمەرگە و پاراستنی بیرەوەرییەکانی شەهیدەکانی شەڕی دژ بە داعش دروست کراوە و جلوبەرگ و کەلوپەلە تایبەتەکانی شەهیدانی پێشمەرگەی تێدا هەڵگیراوە.

قوباد تاڵەبانی لە کاتی سەردانەکەیدا ئاماژەی بە گرنگیی کردنەوەی ئەم مۆزەخانەیە کرد و رایگەیاند: ئەم مۆزەخانەیە کارێکی بچوکە بۆ نیشاندان و پاراستنی قارەمانێتی شەهیدانی پێشمەرگە، چونکە گیانفیدایی و لەخۆبوردوویی پێشمەرگە و شەهیدانی پێشمەرگە لە شەڕی تیرۆردا ئەوەندە گەورەیە کە دەبێت نەوە لە دوای نەوە چیرۆکی ئەم قارەمانانەی کورد لەڕێگەی فیلم و نووسین و کاری هونەرییەوە بۆ هەموو خەڵکی جیهانی بگێڕنەوە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP