عێراق 60 ملیۆن دینار وەک پێشینەی نیشتەجێبوون بە هاوڵاتییان دەدات

عێراق
11:36 - 2024-07-10

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق، ئامادەکاری دەکات بۆ پێدانی پێشینەی خانووبەرە بە هاوڵاتییان کە بڕەکەی 60 ملیۆن دینارە.
نەبیل سەفار، وتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق، لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی سەباحی نیمچە ڕەسمی رایگەیاند، وەزارەتەکەیان رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر هەموو ئەو مامەڵانەی هاوڵاتییان بۆ وەرگرتنی پێشینەی خانووبەرە پێشکەش بە وەزارەتەکەیان کردووە، بڕی پێشینەکە 60 ملیۆن دینارە.
راشیگەیاندووە، لەو چوارچێوەیە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بڕی 750 ملیار دیناری وەکو بودجە بۆ پێشینەکە تەرخانکردووە و بەگوێرەی رێنماییە بەرکارەکانی وەزارەتەکەیان خەرجدەکرێت.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، پێویستە هەرکەسێک نیازی وەرگرتنی ئەو پێشینەیەی هەیە خاوەنی پارچە زەوییەک بێت کە لە 100 مەتر دووجا کەمتر نەبێت، نەخشەی زەوییەکەی و بەڵگەنامەی تاپۆی زەوییەکەی هەبێت.
ئاشکراشیکرد، تاوەکو ئێستا شەش هەزار کەس مامەڵەی وەرگرتنی پێشینەکەیان پێشکەش بە وەزارەتەکەیان کردووە و لە ئایندەیەکی نزیکدا پارەکانیان بۆ خەرجدەکرێت، هەروەها تاوەکو ئێستا 17 هەزار مامەڵە پێشکەش بە وەزارەتەکەیان کراوە و لەو ژمارەیەش 11 هەزاریان تاوەکو مانگی ئازاری ئەمساڵ تەواوکراوە.


بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP