بارسا لە نیکۆ بێ ئومێدبووە ئێستا
رووی لە ئۆلمۆیە
ئاکۆ بیبانى
گەرمترین بابەتى مێرکاتۆ گواستنەوەى
ئەو دوو ئەستێرەیەى هەڵبژاردەى ئیسپانیایە بۆ یانەى بارسیلۆنا و هەموانیان
بەخۆیانەوە سەرقاڵ کردوە ، رۆژنامە و کەناڵەکانى راگەیاندن و سۆشیال میدیا هەمووى
هەواڵى گواستنەوەى دانى ئۆلمۆ و نیکۆ ولیامزە بۆ ریزەکانى یانەى بارسیلۆناى
کەتەلۆنى .
لە دوای کۆتایی هاتنى یارییەکانى یۆرۆ
و پاڵەوانبوونى لارۆخا ، فۆکسێکى زۆر لەسەر یاریزانانى هەڵبژاردەى ئیسپانیایە
بەوپێیەى ئاستى بەرز و سەرنج راکێشیان پێشکەش کرد، یەکێک لەو یاریزانانەى چاوى
یانە کەتەلۆنییەکەى چووە سەر نیکۆ ولیامز بوو ، دوای مشتومڕێکى زۆر پێ دەچێت
یاریزانەکەى ماتادۆر لە یانەى ئەتلەتیک بلباو بمێنێتەوە ئەمە جگە لەوەى ئیدارەى
یانەى پاریس سانجێرمانیش بۆندێکى زەبەلاح و گەورەى بۆى ئامادەکردوە ، بەهەموو
پێوەرەکان نیکۆ لە ئێستادا دوورە لە کامپ نۆوە .
دوای ئەوەى لە یارییەکانى یۆرۆ بووە
گۆڵکارو سێ گۆڵى تۆمارکردو دوو گۆڵى دروستکرد ، دانى ئۆلمۆ بووە جێگاى سەرنجى
یانەى بارسا و ئەو یانەیەش ئامادەیە قوربانى بدات لە پێناو دەستەبەرکردنى
تواناکانى ، یاریزانەکەى لایبزییگیش خواستێکى زۆرى هەیە بۆ ئەوەى لە ریزەکانى
یانەى بارسیلۆنا یارى بکات و ئەوەشى نەشاردۆتەوە خەون بەوەوە دەبینێت کە درێسى
یانەکە بپۆشێت .
بەپێی وتەی فابریزیۆ ڕۆمانۆی ڕۆژنامەنووسی
وەرزشى متمانەپێکراوی ئیتاڵی و پسپۆڕ لە گواستنەوەى یاریزانان ، ئۆلمۆ ئەولەویەت دەدات
بە بلوگرانە، هەروەها ئامادەیە ئەو مەرجانە قبوڵ بکات کە یانەکە پێشکەشی کردووە سەبارەت
بەو گرێبەستە .
ڕۆمانۆ لە ڕێگەی ئەکاونتەکەیەوە لە “X” ڕوونیکردۆتەوە دانى ئۆلمۆ بە توندی ئارەزووی گواستنەوەی بۆ بارسا
دەکات، لەگەڵ گفتوگۆ ئەرێنییەکان لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوو و هەروەها لەم هەفتەیەدا
بەردەوامن.
فابریزیۆ ئاماژەی بەوەشکرد، بارسێلۆنا
و لایپزیگ لە پەیوەندیدان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بابەتە داراییەکانی پەیوەست بە ئەگەری
گواستنەوەی ئۆلمۆ.
ئۆلمۆ تەمەنی 26 ساڵە و تا هاوینی
2027 گرێبەستی لەگەڵ لایپزیگ هەیە.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP