قوباد تاڵەبانی: رێککەوتنێکی گشتگیر بکرێت بۆ پاراستنی سەقامگیریی له‌ شه‌نگال

کوردستان
16:44 - 2024-08-05



قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیکرد لە ستیڤن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا پرسی شەنگال و دۆخی ئەمنیی عێراق و هەرێمی کوردستان و چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.

لە تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی دووشەممە (5ی ئابی 2024) لە هەولێر بەڕێوەچوو و تیایدا دابان شەدەڵە، جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم ئامادەی بوو، گفتوگۆکرا لە بارەی دۆخی شەنگال و هەردوولا جەختیان کردەوە لەسەر پێویستیی پەلەکردن لە ئاوەدانکردنەوەو سەقامگیرکردنی ئەو ناوچەیە تا ئاوارەکان بتوانن بەبێ ترس و دڵەڕاوكێ بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.

لەمبارەیەوە جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەدا کە دەبێت خەڵکی دەڤەرەکە بەشداربکرێن لە ئاساییکردنەوە و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکەی خۆیان و بە پێویستیشیزانی رێککەوتنێکی گشتگیر  بکرێت بۆ پاراستنی سەقامگیری و دڵنیاکردنەوەی ئاوارەکان بۆ گەڕانەوەیان. 

روونیشیکردەوە کە هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ پەلەکردن لە چارەسەرکردنی کێشەی شەنگال بە شێوەیەک که لە بەرژەوەندیی خەڵکی دەڤەرەکەدا بێت.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی دواپێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکە، هەردوولا هاوڕابوون کە پێویستە هەردوو حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێم و هەموو لایەنە عێراقییەکان بە هەستیارییەکی زیاترەوە مامەڵە بکەن و پێکەوە کاربکەن بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP