مەرسومی کۆماری بۆ دەستبەکاربوونی رێبوار تەها وەک پارێزگاری کەرکوک دەرچوو

عێراق
20:58 - 2024-08-13

د. لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عیراق لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازی لە رێبوار تەها کرد و مەرسومی کۆماری بۆ دامەزراندنی وەک پارێزگاری کەرکوک پێشکەش کرد.

بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی رۆژنامەوانی سەرۆککۆماری عیراق، د. لەتیف رەشید مەرسومی کۆماری بۆ رێبوار تەها دەرکرد بۆ دەستبەکاربوونی وەک پارێزگاری کەرکوک،  بەگوێرەی زانیارییەکان، دۆسیەی رێبوار تەها پارێزگاری نوێی کەرکوک رەوانەی دەستەی دەستپاکی عیراق کراوە و دوای وردبینی و بەدواداچوونیان، هیچ گرفتێکی نەبووە و بۆیە بەپێی رێوشوێنە یاسایی و پرۆتۆکۆلییەکان ئەمڕۆ سەرۆککۆماری دەستبەکاربوونی وەک پارێزگاری کەرکوک بۆ دەرکرد.

لەمیانی پێشکەشکردنی مەرسومەکەدا، سەرۆککۆماری عیراق رایگەیاند: پێویستە کار بۆ پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بە خەڵکی کەرکوک بکرێت بە هەموو پێکهاتەکانیەوە، چونکە لە رابردوودا شارەکە نەهامەتی زۆری چەشتووە، تەئکیدیشی کردەوە فرەڕەنگی کەرکوک هۆکاری هێز و سەقامگیرییەکەیەتی.

دوای دەرکردنی مەرسومەکەش رێبوار تەها پارێزگاری کەرکوک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: پارێزگاری هەموو پێکهاتەکانی کەرکوک دەبم بێ جیاوازی و ئەرکمان خزمەتکردن و گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوەی شارەکە دەبێت.
 

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP