رێكخراوێكی ئه‌مریكی: سوپای توركیا خێزانێكی كوردی له‌ هه‌لیكۆپته‌ره‌وه‌ فڕێداوه‌ته‌ خواره‌وه‌

کوردستان
21:13 - 2024-08-14


   
تیمی كوردستانی ڕێكخراوی "CPT" ئاماری قوربانیانی هێرشه‌كانی توركیاو ئێرانی لە ساڵی 1991 تا 2024، بڵاوكرده‌وه‌و ئاماژه‌ی بۆئه‌وه‌كرد كه‌ نزیكه‌ی 850 كه‌س له‌ هه‌رێمی كوردستان بوونه‌ته‌ قوربانی، ئاشكراشیكرد كه‌،  سوپای توركیا، حەوت ئەندامی یەك خێزانیان دەستگیركردووه‌ كە سیانیان منداڵ بوونه‌و لە هێلیكۆپتەرەوە فڕێیانداونه‌ته‌ خوارەوه‌".

ئەمڕۆ 14ی ئابی 2024 تیمی كوردستانی ڕێكخراوی "CPT" لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا كه‌ لە شاری سلێمانی رێكخرابوو، ئاماژه‌ی بۆئه‌وه‌كرد كه‌: وێڕای ئه‌وه‌ی پەڕلەمانی عێراق، حكومەتی به‌رپرسیاركردووه‌ لە قەرەبوكردنەوەی ئەو كەسانەی كە لە ئۆپەڕاسیۆنە سەربازییەكانی ئێران و توركیا بونەتە قوربانی، بەڵام هه‌ردوو حكومەتی هەرێم و عێراق هیچ ئامارو داتایه‌كیان ده‌رباره‌ی ئەو قوربانیانە لانیه‌، بۆیە ڕیكخراوی CPT بە هاوكاری خۆبەخشەكان و كەسوكاری قوربانیەكان لە ساڵی 1991 تا (حوزەیران/6)ی 2024. زانیاری پێویست و پشتراستكراوه‌ی كۆكردەوە.
 
راشیگه‌ییاند:" لەئەنجامی هێرشەكانی توركیا و ئێران 845 كەس برینداربوون یان گیانیان لەدەستداوە، لەو ژمارەیەش 702 كەسیان به‌هۆی هێرشه‌كانی توركیاوە بووه‌ و 143 كه‌سش به‌هۆی هێرشه‌كانی ئێرانەوە بووه‌. 

روونشیكرده‌وه‌:" لەو 702 كەسەی كە لە ئەنجامی هێرشەكانی توركیاوە بونەتە قوربانی، 344 هاوڵاتی شەهیدبوون و 358 هاوڵاتیش برینداربوون، لە ئەنجامی هێرشەكانی ئێرانش 81 كه‌سی شەهیدبوون و 62 كه‌سی دیكه‌ش برینداربوون."

 هه‌ر به‌پێی وته‌ی ڕێكخراوی  "CPT" له‌ نێو قوربانیییه‌كان 194 منداڵ هه‌یه‌ كه‌ 204 یان لەڕەگەزی مێن، هەروەها 18 كەس ئەگەری ئەوەی هەیە قوربانی چەكی كیمیای  بن. 

ئاشكراشیكرد كه‌:" لەساڵی 1996 هێزەكانی توركیا چوونه‌ته‌ نێو گوندێكەوە لە قەزای مێرگەسور، حەوت ئەندامی یەك خێزانیان دەستگیركردووه‌ كە سیانیان منداڵ بوونه‌ و لە هێلیكۆپتەرەوە فڕێیانداونه‌ته‌ خوارەوه‌".
 
باسی له‌وه‌شكرد كه‌ هه‌ر به‌هۆی هێرش و له‌شكركێشییه‌كانی ئه‌و دوو وڵاته‌وه‌، زیاتر لە 170 گوند چۆڵكراون. 

 

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP