خولە ناوخۆییەکانى ئەوروپا کەى دەسپێدەکاتەوە !

وەرزش
12:21 - 2024-08-15

خولە ناوخۆییەکانى ئەوروپا کەى دەسپێدەکاتەوە !
ئاکۆبیبانى

دوای چاوەڕوانییەکى زۆر دواجار رکابەرییەکانى خولە ناوخۆییەکانى ئەوروپا دەسپێدەکاتەوەو جارێکى دیکە شەیدایانى وەرزشى ئاشنا دەبنەوە بە یارییە ئاگریینەکان ،  ململانێکانى خولى یانەکانى ئیسپانیا بە یارى نێوان هەردوو یانەى ئەتلەتیک بلباو گیتافی دەسپێدەکات کە ئەو یارییەش سەعات هەشت بەکاتى هەرێمى کوردستان ئەنجام دەدرێت و یاریزانە دڵخوازەکەى بارسیلۆناش کە نیکۆ ولیامزە  لە مێرکاتۆدا زۆرترین هەواڵى لەسەر بڵاوکرایەوە یەکەم یارى خۆى لە وەرزى نوێ بۆ بلباو دەکات، دوای ئەو یارییەش سەعات 10:30 دەقیقە  ریاڵ بێتس و گیرۆنا ڕووبەرووى یەکتردەبنەوە .
بارسێلۆناى کەتەلۆنیش بەسەرکردایەتى هانس فیلیکى راهێنەرى نوێ رۆژى یەک شەممە دەچێتە مێستایە و  بەرامبەر بە فالانسیا یارى دەکات ،  ریاڵ مەدریدى پاڵەوانى وەرزى رابردووش رۆژى دووشەممە دوور لە یاریگاو هاندەرانى لەگەڵ یانەى مایۆرکا دەجەنگێت .

پریمەرلیگ یەکێک لە خولە ماراسۆنییەکانى ئەوروپایە و لە ئێستاوە ژمارەیەکى زۆر لە هەواداران چاوەڕوانیی یارییە دیراماتیکییەکانن !ململانێکانى ئەو خولەش رۆژى هەینى بە یارى نێوان مانچێستەر یونایتد و فۆلهام دەىسپێدەکات ، ئەو یارییەش لە یاریگاى ئۆڵنرافۆرد بەرێوەدەچێت ، رۆژى شەممە و یەک شەممە سەرجەم یارییەکانى دیکەى ئەنجام دەدرێن و لە یارى لوتکە و پڕ چێژدا ، مانچێستەر سیتى پاڵەوانى پرێمەرلیگ دەبێتە میوانى چێلسى و 90 دەقیقەى پڕ ململانێ ئەنجام دەدەن و شەڕى هەیمەنە و زاڵبوون دەکەن ! ئارسیناڵ و ولفەرهامپتۆنیش یارییەکى دیکەى هەفتەى یەکەم دەکەن ، جگە لەوەى تۆتنهام و لیستەر سیتى کە تازە گەڕاوەتەوە پریمەرلیگ ڕووبەرووى یەکتردەبنەوە .

رکارییە بەهێزەکانى خولى یانەکانى ئیتاڵیاش بەهەمان شێوە رۆژى شەممە دەسپێدەکات ، یارى دەسپێکى خولەکەش ئینتەرمیلانى پاڵەوانى وەرزى رابردووى سیریا ئەى دوور لە یاریگاى خۆى یەکەم ئەزمون لە وەرزى نوێ دەکات کاتێک دەبێتە میوانى یانەى جێنەوا ، ئەى سی میلانیش لەنێو یاریگاى خۆى فەرشى سور بۆیانەى تۆرینۆ ڕادەخات و بە بەدەستهێنانى سێ خاڵى سەرەتا دەیەوێت زەنگى ئاگادارکردنەوە بۆ یانەکان لێبدات .

خولى یانەکانى فەرەنساش وەرزێکى نوێ و نامۆ بە بێ کیلیان ئیمپاپێ بەخۆوە دەبینى و یارییەکانى ئەو خولەش رۆژى شەممە دەسپێدەکات کاتێک هەردوو یانەى ستاد برێست و مارسیلیا  یارى کردنەوەى لیگاوەن دەکەن.

دەستپێکردنەوەى خولى یانەکانى ئەڵمانیا لەم هەفتەیەدا نابێت و یارییەکانى ئەو خولە بەهێزەش کە بە بۆندسلیگا ناسراوە رۆژى 23 / 8 بە یارى نێوان بروسیا مونشگلادباخ و بایەر لیفەرکوزن زەنگى دەسپێکردنەوەى لێ دەدرێت .

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP