وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، دوو ناوچەی
سەرکردایەتی لە وەزارەتی پێشمەرگە بۆ رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە پێکدەهێنرێن و
لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە دەستبەکاردەبن و رەزامەندیش لەسەر پێکهێنانی یەکەیەکی
یەکگرتووی ژمێریاری درا.
کۆبوونەوەیەکی باڵا لە وەزارەتی پێشمەرگە بە
ئامادەبوونی بەرپرسی تیمی راوێژکارانی سەربازی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان بۆ
رێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە بەڕێوەچوو.
وەزارەتی پێشمەرگە بڵاویکردەوە، تەوەری سەرەکی
کۆبوونەوەکە، گفتوگۆ و بریاردان بووە لە بارەی دامەزراندنی دوو ناوچەی
سەرکردایەتی، کە لە 11 فیرقەی سەربازی پێکهاتوون لەژێر سەرکردایەتیی وەزارەتی
پێشمەرگە.
شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە دامەزراندنی ئەو
دوو ناوچەیەی بە دەستپێکی قۆناغێکی نوێ بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان ناوبرد و وتی هەردوو
ناوچەکە، کە کاری رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە دەکەن، سەرەتای ساڵی 2025
دەستبەکار دەبن.
لە کۆبوونەوەکەدا بە کۆی دەنگ رەزامەندی لەسەر
بنیادنانی بنەماکانی یەکەیەکی یەکگرتووی ژمێریاری سەربازی بۆ هێزی پێشمەرگەی
کوردستان دراوە.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP