حکومەتی عێراق دەیەوێت لەبودجەی ساڵانی داهاتوودا داهاتی نانەوتی بۆ 20% بەرزبکاتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش دەیەوێت سیستەمی دانانی باج لەسەر کەرتە جیاوازەکان فراوان بکات.
مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئابووری ڕایگەیاند: فرەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات گەورەترین ئاستەنگییە لەبەردەم چاکسازی دارایی وڵات، چونکە ئێستا تاکە داهاتی سەرەکی دەوڵەت بریتییە لە داهاتی نەوت.
وتیشی: یەکەم هەنگاو بۆ فراوانکردنی سەرچاوەکانی داهات بریتییە لە چاکسازی لە سیستەمی باج و فراوانکردنی دانانی باج لەسەر ئەو کەرتانەی کە تائێستا فەرامۆشکراون یان خاوەنەکانیان خۆیان لە باج دزیووەتەوە، لە قۆناغی داهاتووشدا ڕێوشوێنی نوێی باج دەگرێتەبەر بۆ زیادکردنی داهات.
ئەمەش لەکاتێکدایە کۆی گشتیی بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2024، نزیکەی 212 تریلیۆن دینارە و داهاتەکەشی نزیکەی 148 تریلیۆن دینارە، لەو بڕەش زیاتر لە 120 ترلیۆن دیناری لە داهاتی نەوتەوە دەستدەکەوێت، کە دەکاتە 81%ی کۆی گشتی داهاتی دەوڵەت.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP