رەفعەت عەبدوڵا: یەکێتی حکومەتێکی خزمەتگوزاری دەوێت بۆخەڵک

کوردستان
13:17 - 2024-09-04

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 04/09/2024 رەفعەت عەبدوڵڵا ئەندامی مەكتەبی سیاسی بەهاوڕێیەتی مامۆستا جوامێر ئەندامی ئەنجومەنی باڵای بەرژەوەندی یەكێتی و ژمارەیەك لە ئەندامانى مەكتەبی رێكخستن سەردانی كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكانی كرد و لەلایەن وەستا فاروق سەرۆكی كۆمەڵەكە و ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای كۆمەڵەكەوە پێشوازیكران، دواتر لەكۆبوونەوەیەكدا دوای وەستانی چەند ساتێك ماتەمینی بۆ گیانی پاكی شەهیدان.

رەفعەت عەبدوڵڵا لەوتەیەكدا رایگەیاند پێشمەرگە دێرینەكان خاوەنی مێژووییەكی پڕ سەروەرین و جێگەی شانازی هەمووانن، تەئكیدیشكردەوە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان خەبات و تیكۆشان و گیانبازی پێشمەرگە بەرز رادەگرێت، كە تەمەنی خۆیان بەكورد و كوردایەتی بەخشی.

راشیگەیاند مێژووی یەكێتی مێژوویەكی پرشنگدارە و خاوەنی هەزاران سەركردە و فەرماندە و پێشمەرگەی شەهیدە و سەدان تێكۆشەر و پێشمەرگەشی كەمئەندام بوون و ئەوان لەمەرگ گەڕاونەتەوە، بۆیە پێویستە باشترین خزمەت بەپێشمەرگە و كەسوكاری شەهید و پێشمەرگە بكرێت و دەبێت حكومەت ئەولەویەتی بۆ خزمەتی ئەم توێژانە بێت، چونكە ئەم حكومەت و پەرلەمانە بەرهەمی خوێنی شەهیدان و خەباتی ئەم تێكۆشەرانەیە، لەبەشێكی تری وتەكانیدا رەفعەت عەبدوڵڵا باسی لەهەنگاونان بەرەو هەڵبژاردن كرد و رایگەیاند ئەمرۆ خەبات خەباتی پەرلەمانییە و ئێمە لەبەردەم هەڵبژاردنێكی چارەنوسسازین بۆ گەلەكەمان، دەمانەوێت لەم هەڵبژاردنانەدا سەركەوتنی گەورە بەدەستبهێنین و گۆڕانكاری لەشێوازی حكومڕانی بكەین و كۆتایی بەدەسەڵاتی خۆسەپێن بهێنین و هەموومان پێكەوە كاربكەین بۆ ئەو ئامانجە گەورەیە و حكومەتێكی خزمەتگوزاری بۆ خەڵك دابمەزرێنین.

دواتر مامۆستا جوامێر لەوتەیەكدا باسی لەشێوازی حوكمڕانی كرد لەكوردستان  كەحوكمڕانیەكی قۆرغكارییە و نەیتوانیوە ببێتە حكومەتی هەموو خەڵك بێت و جیاكاری زۆردەكات لەخزمەتگوزاری، راشیگەیاند حكومەتی ئێستا حكومەتێكی كەم تەرخەمە بەتایبەتی لەپێنەدانی مووچە، بۆیە داوایكرد ئەوەی پێیان دەكرێت درێغی نەكەن و پشتیوانی یەكێتیەكەی خۆیان بن.

لەبەشێكی تری كۆبونەوەكەدا وەستا فاروق وێڕای باسكردنی ئەرك و كارەكانیان و ئەو گرفتانەی رووبەروویان دەبنەوە و تەئكیدی لەوەكردەوە كەكۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكان خۆیان بەخاوەنی یەكێتی دەزانن هەموو كات پشتیوانی لێدەكەن، چونكە ئەوان تەمەنی خۆیان بەخشیوە بەیەكێتی و كوردایەتی ئەوەی لەتوانایاندابێت درێغی ناكەن.هەڤاڵانی بەشداربووی كۆبوونەوەكە سەرنج و تێبینی و پێشنیارەكانیان خستەڕوو و وەڵامیان درایەوە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP