بایدن و نه‌ته‌نیاهۆ سەبارەت به‌ هێرشکردنە سەر ئێران گفتوگۆ ده‌كه‌ن

جیهان
10:50 - 2024-10-09

ماڵپه‌ڕی ئه‌كسیۆس دەڵێت ئه‌مڕۆ سه‌رۆكی ئه‌مریكا و سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل، پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان سه‌باره‌ت به‌ شێوازی لێدانی ئێران دەبێت.

پێگەی هەواڵی (ئەکسیۆس)ـی ئەمەریکی لە زاری سێ بەرپرسی ئەمەریکاوە بڵاویکردووتەوە، بڕیارە ئەمڕۆ، جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە بارەی پلان و شێوازی وەڵامدانەوەی هێرشە مووشەکییەکانی ئێرانەوە گفتوگۆ بکەن.

ئاماژەی بەوەشداوە، گفتۆگۆکەی بایدن و ناتانیاهۆ بە تەلەفۆنە و ئەو بەرپرسانەی قسەیان بۆ ئەکسیۆس کردووە دەڵێن "پێشبینی دەکرێت وەڵامدانەوەکەی ئیسرائیل بۆ ئێران هێرشێکی گرنگ و کاریگەر بێت".

سەرچاوەکان ئاشکراشیان کردووە، ڕەنگە هێرشەکانی ئاسمانی بن و ناوەندە سەربازییەکان لە ناوخۆی ئێران بگرێتەوە، لەگەڵ چەند هێرش و کردەیەکی نهێنی وەک ئەو هێرشەی ئیسماعیل هەنییەی تێدا کوژران.

ئەکسیۆس دەشڵێت، یەکێک لە بەرپرسە ئەمەریکییەکان جەختیکردووەتەوە، پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی بایدن و ناتانیاهۆ گرنگە بۆ دیاریکردنی شێواز و سنووری وەڵامدانەوەکانی ئیسرائیل بۆ ئێران.

یاریدەدەرێکی ناتانیاهۆش بە پێگە ئەمەریکییەکەی وتووە، لەو گفتوگۆیەی ئەمڕۆ دەکرێت بڕیاری لێدانی ئێران دەدرێت، چونکە ناتانیاهۆ دەیەوێت بایدن لە بابەت و پلانەکان ئاگادار بکاتەوە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP