قوباد تاڵەبانی، لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال لە درێژەی کۆبوونەوەکانیدا لە ئیدارەی راپەڕین، لەگەڵ سەرۆک تیمەکانی زانکۆ و خوێندنی باڵای کەمپینی بانگەشەی یەکێتی کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی رایگەیاند هیچ هێزێکی سیاسی دیکە وەک یەکێتی پلانی تۆکمە و رۆئیای روونی نییە بۆ پێشخستنی کەرتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی. وتیشی وەکچۆن لە چەند ساڵی رابردوودا بەپێی ئەو دەسەڵاتەی هەمانبووە، هەوڵمان داوە بۆ بەستنەوەی زانکۆ بە بازاڕی کارەوە، ئەگەر بێتو یەکێتی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان بگرێتە دەست، بە هەموو تواناوە کاردەکات بۆ پێشخستنی زانکۆکان.
جەختیشی کردەوە کە لە راستکردنەوەی رێڕەوەی حکومڕانیدا زانکۆکان و توێژەران و کەسانی ئەکادیمی رۆڵی بنەڕەتیان دەبێت، چونکە پێمانوایە حکومڕانییەکی تەندروست، ئەو حکومڕانییەیە کە بە شێوەیەکی زانستی بڕیار لە چۆنییەتی ئیدارەدانی کەرتە جیاوازەکان دەدات نەک بەپێی تێگەیشتن و میزاجی تاکەکەسی.
لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی لە گرنگیی هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی پەرلەمانی کوردستان کرد و رایگەیاند وەکچۆن لە سێ ساڵی رابردوودا گۆڕانکاری گەورەمان لە یەکێتیدا کردوە و ئەم یەکێتییەی ئێستا یەکێتی پێش سێ ساڵ نییە، لە دوای هەڵبژاردنەکانیش پلانی یەکێتی ئەوەیە گۆڕانکاری گەورە لە شێوازی حکومڕانیدا بکات و ئەو خواروخێچییانە راست بکاتەوە کە هەموو کەرتەکان بە دەستییەوە دەناڵێنن.
قوباد تاڵەبانی دوای روونکردنەوەی دۆخی لایەنەکانی دیکەی بەشدار لە هەڵبژاردندا، رایگەیاند تەنها یەکێتی لە توانایدایە گۆڕانکاری راستەقینە بکات، هەربۆیە پێویستە مامۆستایان و خوێندکاران ئەمجارەیان پشتگیری یەکێتی بکەن و ئەو دەرفەتە بە یەکێتی بدەن تا گۆڕانکاری لە ئیدارەدانی هەرێمی کوردستاندا بکات.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP