قوباد تاڵەبانی، لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال لە درێژەی سەردان و کۆبوونەوەکانی لە ئیدارەی راپەڕین، لەگەڵ دانیشتوانی ناحیەی سەرکەپکان و گوندەکانی دۆڵی ئاکۆیان و شاورێ کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی روونی کردەوە ئەم هەڵبژاردنە دەستپێکی قۆناغێکی نوێیە لە هەرێمی کوردستان و راشیگەیاند یەکێتی کۆتایی بەو قۆناغە هێنا کە لایەنێک بتوانێت بە ساختەکاری زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمان بۆخۆی مسۆگەر بکات و خۆی بەسەر کوردستاندا بسەپێنێت.
وتیشی، ئەم قۆناغە نوێیە، قۆناغی راستکردنەوەی رێڕەوی حکومڕانی و نەهێشتنی جیاکارییە لەنێوان شار و ناوچە جیاوازەکان. جەختیشی کردەوە ئەوەی دەتوانێت سەرکردایەتی ئەم قۆناغە نوێیە بکات، تەنها ئەم یەکێتییەی ئێستا بە سەرۆکایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانییە کە هێز و توانا و کەرەستەی پێویستی لەبەردەستدایە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا روونی کردەوە کە خەڵکی کوردستان لەم هەڵبژاردنەدا لە راستیدا لەبەردەم دوو بژاردەدان، ئەوانەی رازین بەم شێوازە حکومڕانییەی تا ئێستا هەبووە با دەنگ بە پارتی دیموکراتی کوردستان بدەن کە درێژەپێدەری ئەم شێوازە حکومڕانییە دەبێت. ئەو هاوڵاتییانەش کە خوازی گۆڕانکاری بنەڕەتین لە حکومڕانی، پێویستە پشتگیری لە یەکێتی بکەن، چونکە تەنها یەکێتی پلانی تۆکمەی هەیە بۆ گۆڕانکاری و توانا و هێز و ئێرادەی پێویستیشی هەیە.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP