شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لەگەڵ رێکخستن و تێکۆشەرانی دێرینی سلێمانی و دەوروبەری کۆبووەوە

کوردستان
17:59 - 2024-10-15

ئەمڕۆ سێشەممە 15_10_2024 ، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەگەڵ بەشێکی زۆر لە رێکخستن و تێکۆشەرانی دێرینی سنووری سلێمانی و دەوروبەری کۆبووەوە.

لەو کۆبوونەوەیەدا، کە هەریەک لە جەمیل هەورامی لێپرسراوی کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکان و مامۆستا عوسمان مەلا عەبدوڵا جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی رێکخستنەکان و جوتیار نوری ئامادەیبوون، شێخ جەعفەر، لەوتەیەکدا ستایشی خەباتی تێکۆشەرانی دێرینی کرد و رایگەیاند: ئێوەی دڵسۆزو نیشتمانپەروەر، ژیانی خۆتان و خێزانەکانتان خستبووە مەترسییەوە لەپێناو سەرفرازی وڵاتدا، هەروەک لەکاتی راپەرینەکەی بەهاری 1991دا رۆڵی بەرچاوو جوامێرانەتان هەبوو، دواتریش لە قۆناغەکانی تری ژیانی سیاسیدا لەهەرێم هەر بەردەوام بوون لە خزمەتکردن، بۆیە جێی شانازی سەرۆک و سەرکردایەتی یەکێتین وشیاوی خزمەتکردنی زیاترن.

لەبەشێکی تری وتەکەیدا، شێخ جەعفەر، باسی لە شێوازی خراپی حوکمڕانی هەرێم و پێویستی کارکردنی جددی بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاریی کردو جەختیکردەوە کە یەکێتی پێی ناوەتە قۆناغێکی تری حزبایەتی و ژیانی سیاسی، ئێستا یەکێتی یەک دەنگ و یەک هەڵوێستە و خاوەنی سەرۆک و بەرنامەی راست و رەوانی خۆیەتی، بۆیە  دەتوانێت ئەرکی گۆڕانکاریی لەشێوازی حوکمڕانی بەئاراستەی باشترکردنی باروگوزەرانی خەڵک جێبەجێ بکات.

ئامادەبووانیشی هاندا بۆ بەهێزکردنی ئیرادەی گۆڕینی دەسەڵات، لە رۆژی 20ی مانگدا راپەڕینێکی دەنگدان بەرپابکەن و بەجۆش خرۆشەوە روو لە ناوەندەکانی دەنگدان بکەن و دەنگ بدەن بەلیستی 129.

لەبەشێکی کۆبوونەوەکەدا، هەریەک لە  جەمیل هەورامی لێپرسراوی کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکان و مامۆستا عوسمان مەلا عەبدوڵا جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی رێکخستنەکان، وتەیان پێشکەشکردو تێیدا باسیان لەڕۆڵی رێکخستنە دێرینەکان کرد، هەروەها ئامادەبووانیان هاندا رۆژی 20ی مانگ، خۆیان و کەسوکاریان، بەجۆش و خرۆشەوە روو لە سندووقەکانی دەنگدان بکەن و دەنگ بدەن بە لیستی 129ی یەکێتی.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP