وتەبێژی کۆمیسیۆن: دەنگدانی تایبەت بە ئەلیکترۆنی و دەستی جیادەکرێنەوە

کوردستان
13:46 - 2024-10-18

وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان رایگەیاند، دوای 24 سەعات لە دەنگدانی گشتی ئەنجامی سەرەتایی دەنگدان بڵاودەکرێتەوە و لە دەنگدانی تایبەتیشدا حیزبەکان ئەنجامی سەرەتایی دەنگەکانیان دەزانن.

جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان رایگەیاند، سەعات 7:00 پرۆسەی دەنگدان دەستپێدەکات و 18:00 کۆتایی دێت، بەشێوەیەکی ئەلیکترۆنیش سندوقەکانی دەنگدان دادەخرێن و بەهیچ شێوەیەک وادەی دەنگدان درێژ ناکرێتەوە.

باسی لەوەشکرد، ئامێر و کاغەزی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئامادەن و پێدوایستییە لۆجۆستییەکان تەواو کراون.

وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژادرنەکانی عێراق، دڵنیایی دا لەوەی پرۆسەی دەنگدان بەشێوەیەکی شەفاف بەڕێودەچێت و وتی، هیچ کەسێک ناتوانێت بەبێ کارتی بایۆمەتری دەنگبدات و جەختیکردەوە کە هیچ کەس و لایەنێک و تەنانەت کۆمیسیۆنیش ناتوانێت بزانێت دەنگدەر، دەنگی بە چ لایەنێک داوە.

لەبارەی ئاشکراکردنی ئەنجامی دەنگدانیش، جومانە غەلای وتی: لە دەنگدانی تایبەتدا دەنگەکان بەشێوەی ئەلیکترۆنی و دەستیش جیادەکرێنەوە، وێنەیەکیش لە ئەنجامی دەنگدان، دەدرێت بە بریکاری لایەنە سیاسییەکان، لەو رێگەیەوە حیزبەکان ئەنجامی سەرەتایی دەنگەکانیان لە دەنگدانی تایبەت لە رێگەی بریکارەکانیانەوە دەزانن و پاش 24 سەعات لە بەڕێوەچوونی دەنگدانی گشتیش، ئەنجامی سەرەتایی هەڵبژاردنەکە بڵاودەکرێتەوە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP