ژووری قەیرانەکانی هەرێم: سبەی لە سەعات ٦ی بەیانییەوە لە زۆربەی شارەکان باران دەبارێت

کوردستان
17:43 - 2024-11-02

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "بەگوێرەی دوایین پێشبینیی بەڕێوەبەرایەتییەکە پێشبینی دەکرێت شەپۆلێکی بارانی بەخوڕ و بەلێزمە زۆربەی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە، چاوەڕوان دەکرێت لە ئەمرۆ شەممەوە دەستپێبکات".
لەلایەکی دیکەوە، ژووری عەمەلیات و بەڕێوەبردنی قەیران و کارەساتەکان لە هەرێمی کوردستان بە پشتبەستن بە پێشبینییەکانی کەشناسی، هاوڵاتیان ئاگادار دەکاتەوە کە سبەی لە هەولێر و سلێمانی و دهۆک لە سەعات 6:00وە بارانبارینی بە لێزمە دەستپێدەکات و تاوەکو سەعات 12:00 بۆ ٣ی نیوەرۆ بەردەوام دەبێت.
لە هەڵەبجەش لە سەعات 9:00وە بارانبارین دەستپێدەکات و تاوەکو سەعات 12:00 بەردەوام دەبێت و لە کەرکوک و گەرمیانیش لە سەعات 9:00وە بارانبارین دەستپێدەکات تاوەکو سەعات 12:00 بەردەوام دەبێت .
هەر بەگوێرەی پێشبینیی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، زۆرترین بڕی بارانبارین لە هەڵەبجە دەبێت کە 40 بۆ 50 ملیمەترە، لە کەرکوک، و گەرمیان و زاخۆش ئاستی بارانی پێشبینیکراو 25 بۆ 35 ملیمەتر دەبێت.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP