مەکتەبی سیاسی: یەکێتی باوەڕی تەواوی بە مافەکانی ژنان هەیە

کوردستان
20:26 - 2024-11-03

لە یادی ٣٥ ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی ژنانی کوردستاندا مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پیرۆزبایی لە ئەندامانی رێکخراوەکە دەکات و رایدەگەیەنێت:"یەکێتی ژنانی کوردستان  لە مێژووی کارکردنیدا سەروەرییەکی پرشنگداری بۆ خۆی تۆمار کردوە کە توانیویەتی وەک رێکخراوێکی ئازاد گرنگی بەرۆڵی ژنان بدات بۆ هێنانە پێشەوەیان لە گشت بوارەکانی تێکۆشان و خەباتدا".

دەقی پەیامەکە:

بەرێز سکرتێری یەکێتی ژنانی کوردستان 
لە یادی ٣٥ ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی ژنانی کوردستاندا  پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی بەرێزتان و مەکتەبی سکرتاریەت وگشت ئەندامانی رێکخراوەکەتان دەکەین
 
یەکێتی ژنانی کوردستان لە مێژووی کارکردنیدا سەروەرییەکی پرشنگداری بۆ خۆی تۆمار کردوە کە توانیویەتی وەک رێکخراوێکی ئازاد گرنگی بەرۆڵی ژنان بدات بۆ هێنانە پێشەوەیان لە گشت بوارەکانی تێکۆشان و خەباتدا، بەشداری چەندان ژن لە بوارەکانی حزبی و حوکمڕانیدا چ وەک سەرکردەی سیاسی  چ وەک پسپۆڕیی لەبەرێوەبردنی وڵاتدا ، سەلمێنەری تواناکانی رێکخراوەکەتانە لە رووی  پێگەیاندنەوە، وەک چۆن هەمیشە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان  باوەڕی پتەونەگۆڕی  بەمافەکانی ژنان هەبوە، بۆ برەودان بە کارەکانی رێکخراوەکەتان و گرنگیدانی زیاتر بە رۆڵی ژنان ، لە پێناو بەدیهێنانی مافە رەواکانتان ،پشتیوانی و پشتگیری خۆمانتان بۆ  دووپات دەکەینەوە.
 
هەمیشە سەربەرز وسەرکەوتوبن  

مەکتەبی سیاسی 
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP