شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ئەلبرێشت فۆن ڤیتکە، کونسولی گشتیی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان و کۆڵۆنێڵ ڕیتەر، فەرماندەی سەربازیی هێزی هاوپەیمانیی ئەڵمانیا و شاندێکی یاوەریان کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، دوایین پێشهاتە سیاسیی و ئەمنییەکانی عێراق و ناوچەکە، پەیوەندییەکانی ئەڵمانیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت و کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و چۆنیەتیی چارەسەرکردنیان، گفتووگۆیان لە بارەوە کرا.
لە کۆبوونەوەکەدا جێگری سەرۆک، ڕۆڵی هێزەکانی ئەڵمانیای لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش و هاوکارییەکانیان بۆ عێراق و هەرێم بەرز نرخاند، هەروەها تیشکی خستە سەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و دەرئەنجامەکان و پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان، هیوای خواست لە کاتێکی نزیک لەسەر بنەمای بەرژەوەندی نیشتمان و فەراهەمکردنی خۆشگوزەرانی بۆ خەڵک، کابینەی نوێی حکومەت بنیات بنرێت.
لای خۆیانەوە شاندی میوان، بەردەوامیی و بەرەوپێشچوونی پەیوەندیی ووڵاتەکەیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق دووپات کردەوە، هەروەها ڕۆڵی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیان لە دەستپێشخەرییەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بەرز نرخاند و گفتووگۆی نێوان لایەنە سیاسییەکانی عێراق و هەرێمیشیان بە گرنگ زانی، بۆ تێپەڕاندنی کێشەکانی بەردەم پڕۆسەی سیاسیی و ڕێککەوتنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP