په‌رله‌مانتار كاروان یاروەیس: هاتنی TBI بۆ ناو هەژماری من بەمانای تەوتین نیه‌

کوردستان
16:49 - 2024-11-04


كاروان یاروەیس ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایدەگەیەنێت: "هاتنی TBI بۆ ناو هەژماری من، بەمانای تەوتین و جێبەجێكردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی نایەت، هاوكات وەڵامدانەوەی داواكاری مووچەخۆرانی هەرێمیش نییە"، دەشڵیت: "حەوت مانگە بانكی عیراقی بازرگانی TBI  بۆ ناو فۆڕمی پڕۆژەی هەژماری من زیادكراوە، بەڵام جگە لەچەند سەد هەژمارێكی بانكی هیچی دیكەیان نەكردووە".

كاروان یاروەیس بڕیاردەری فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند: "حەوت مانگ لەمەوبەر بانكی عیراقی بازرگانی TBI  بۆ ناو فۆڕمی پڕۆژەی هەژماری من زیادكراوە، بەڵام جێی سەرسوڕمانە كە هەوڵەكان بۆ جێبەجێكردنی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی لەبارەی تەوتینی مووچەی هەرێم چڕبوونەتەوە، بانكی TBI، ئێستا ئەوە رادەگەیەنێت كەچووەتە ناو پڕۆژەی هەژماری من".

كاروان یاروەیس وتی:"پێویستە هەموولایەك ئەو راستییە بزانن، كە هاتنی TBI بۆ ناو هەژماری من، نە بەمانای تەوتین دێت، نە بەمانای جێبەجێكردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی، نە وەڵامدانەوەی داواكاری مووچەخۆرانی هەرێمیشە" 

راشیگەیاند: " بانكی TBI، حەوت مانگە  لەناو هەژماری من-دایە، بەڵام جگە لەچەند سەد هەژمارێكی بانكی هیچی تریان نەكردووە".

كاروان یاروەیس ئەوەشی راگەیاند: "لەفۆڕمی هەژماری من-دا، مووچەخۆر دەتوانێت لەخانەی هەڵبژاردنی بانكەكان لەخانەی سەرەكی TBI هەڵبژێرێت، بەڵام لەخانەی یەدەك ناتوانێت هەر TBI هەڵبژێرێت ناچارە بانكێكی ئەهلی هەڵبژێرێت، چونكە تاكە بانكی فیدراڵی و حكومی تەنها TBI  یە.

وتیشی: "تائێستا رێوشوێنی كردنەوەی لقی نوێ لەپارێزگای هەڵەبجەو ئیدارەكانی گەرمیان و راپەرین و سۆران و زاخۆ و ناوچەكانی دیكە، دانانی ئامێری ئای تی ئێم نەگرتووەتەبەر."

ئەمەش لەكاتێكدایە، پێشتر محەمەد شیاع سودانی سەرۆكوەزیرانی عیراق رایگەیاند: "هەژماری من ناچێتە چوارچێوەی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵییەوەو پێویستە مووچەخۆرانی هەرێم لەیەكێك لەبانكە حكومییەكانی عیراق تەوتینیان بۆ بكرێت".

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP