یه‌كێتیی ده‌یه‌وێت حكومه‌ت هی خه‌ڵك بێت بۆ خه‌ڵكیش بێت

کوردستان
17:35 - 2024-11-04



یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ده‌یه‌وێت كۆتایی به‌و ئه‌زموونه‌ حوكمڕ‌انییه‌ تاكڕ‌ه‌وانه‌یه‌ بهێنێت كه‌ له‌ڕ‌ابردوودا هه‌بو و ته‌نها كاری بۆ به‌رژه‌وه‌ندی لایه‌نێكی دیاریكراو كردوه‌، هاوكات ده‌یه‌وێت حكومه‌تێكی نیشتمانیی دادپه‌روه‌رو به‌رپرسیار به‌رامبه‌ر هاووڵاتییه‌كانی پێكبهێنێت كه‌جیاوازی له‌نێوان شاره‌كاندا نه‌كات، وته‌بێژی یه‌كێتیش ده‌ڵێت: "ده‌رگامان بۆ پێكهێنانی حكومه‌تێكی هاوبه‌ش له‌ئه‌رك و مافدا كراوه‌یه‌".

هه‌روه‌ك بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌میانه‌ی پێشوازیكردنی له‌ ئه‌لینا رۆمانۆسكی باڵیۆزی ئه‌مریكا له‌ عیراق رایگه‌یاندبوو: "ئه‌م قۆناغه‌ نوێیه‌ی هه‌رێمی كوردستان جێگه‌ی تاكڕ‌ه‌وی و خۆسه‌پێنیی تێدا نابێته‌وه‌، ئه‌وه‌ی له‌رابردوودا دامه‌زراوه‌ حكومییه‌كان له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندیی حزبی و كه‌سیدا به‌كارده‌هێنران، كۆتایی هاتووه‌ و چیتر حكومه‌ت نابێت ئه‌و شوێنه‌ بێت كه‌ ته‌نیا كار بۆ به‌رژه‌وه‌ندی لایه‌نێكی دیاریكراو بكات، به‌ڵكو حكومه‌تی ئه‌مجاره‌ هی خه‌ڵكه‌و هه‌ر ده‌بێت بۆ خه‌ڵكیش بێت، هه‌موو هه‌وڵێكیش له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و ئیراده‌یه‌، شكست ده‌هێنێت و یه‌كێتی رێگه‌ی پێنادات".

ده‌رگای گفتوگۆمان كراوه‌یه‌
سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ وته‌بێژی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان سه‌باره‌ت به‌پێكهێنانی حكومه‌ت رایده‌گه‌یه‌نێت: "هه‌ر كه‌سێك بیه‌وێت به‌ته‌نها حكومه‌ت پێكبهێنیت تا دێگه‌ڵه‌ ده‌بێت، پێشتر وتومانه‌ حكومه‌ت كه‌موكورتی هه‌یه‌و به‌شێوه‌ی تاكڕ‌ه‌وی كاری كردووه‌و خۆسه‌پێن هه‌بووه‌، ئه‌مه‌ دژایه‌تی پارتی نییه‌، ئێمه‌ ركابه‌ری یه‌كین و دوژمن نین، مه‌به‌ستمان شێوه‌ی ئیداره‌دانی حكومه‌ته‌ له‌هه‌رێمی كوردستانه‌ و پێمانوایه‌ ده‌بێت چاره‌سه‌ر بكرێت".

وته‌بێژی یه‌كێتی ئاماژه‌ی به‌وه‌دا: "خه‌ڵك به‌شێوه‌ی كاركردنی رابردووی حكومه‌ت رازی نییه‌، ژماره‌یه‌كی زۆر هاووڵاتیان ده‌نگیانداوه‌و چاوه‌ڕ‌ێن حكومه‌ت پێكبهێندرێت، بۆیه‌ ده‌رگامان بۆ گفتوگۆ كراوه‌یه‌، ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت له‌حكومه‌تی داهاتوودا شه‌ریكبین و حكومه‌تیش هه‌ڵه‌كانی رابردوو چاره‌سه‌ربكات، ناكرێت لایه‌نێك پێداگری بكات له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌حكومه‌ت هیچ كێشه‌یه‌كی نه‌بووه‌و خه‌ڵكی بوختانی بۆده‌كه‌ن، ده‌بێت پێكه‌وه‌ دابنیشین و چاره‌سه‌ری كێشه‌كان بكه‌ین و حكومه‌ت و په‌رله‌مانێكی كارا دروست بكرێن، هاوكات پارتی نه‌رمی نیشانداوه‌ و یه‌كێتیش وه‌ك مه‌بده‌ئێكی جێگیر، ده‌رگای گفتوگۆی به‌كراوه‌یی هێشتووه‌ته‌وه‌و ده‌یه‌وێت حكومه‌تێك پێكبێت كه‌ به‌شداربوانی حكومه‌ته‌كه‌ هاوبه‌شبین له‌ ئه‌رك و مافدا".

به‌ 50+1 دیزاینی كابینه‌ی نوێ ناكرێت
هیچ لایه‌نێك وه‌ك جاران ناتوانێت به‌ته‌نیا و به‌ پشتبه‌ستن به‌ (50+1) دیزاینی كابینه‌ی نوێ بكات، بۆیه‌ چاوی چاودێرانی سیاسی له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و هێزانه‌یه‌ كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردندا سه‌ركه‌وتنیان به‌ده‌ستهێناوه‌.

له‌تیف نێروه‌یی لێپرسراوی بۆردی راگه‌یاندنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، سه‌باره‌ت به‌ قۆناغی دوای هه‌ڵبژاردن له‌ وتارێكدا كه‌ له‌ به‌شی وتار له‌ سایتی ( kirkuktv )بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ رایگه‌یاندوه‌: "ئه‌نجامی ئه‌مجاره‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان به‌شێوه‌یه‌ك گۆڕ‌انكاری به‌سه‌ردا هاتووه‌ كه‌ له‌سه‌ر ئاینده‌ی هه‌رێم و شێوازی حكومڕ‌انی و چۆنیه‌تی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ‌ جۆره‌ها سیناریۆ له‌ هزری راڤه‌كاراندا په‌نگیان خواردوه‌ و ئاسان نییه‌ بتوانن پشت به‌ تاكه‌ بژارده‌و سیناریۆیه‌ك ببه‌ستن، له‌به‌رئه‌وه‌ی هیچ لایه‌نێك وه‌كو جاران ناتوانێت به‌ ته‌نیاو به‌ پشت به‌ستن به‌ رێژه‌ی (50+1) دیزاینێك بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ‌ نه‌خشه‌ڕ‌ێژ بكات و فه‌رموو له‌ لایه‌نه‌كانی دیكه‌ بكات بۆ به‌شداریكردن و په‌سه‌ندكردنی كابینه‌كه‌ و كارنامه‌كه‌ی".


  له‌تیف نێروه‌یی ده‌ڵێت:" چاوی چاودێرانی سیاسی و شرۆڤه‌كارانی رووداوه‌ سیاسییه‌كان له‌سه‌ر جوڵه‌و هه‌ڵوێستی ئه‌و لایه‌نانه‌یه‌ كه‌ سه‌ركه‌وتنیان به‌ده‌ستهێناوه‌ و هه‌ر یه‌كێك له‌و لایه‌نانه‌ ئه‌جێندای تایبه‌ت به‌ خۆیان هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئاینده‌ی هه‌رێم و پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ‌ و شێوازی حكومڕ‌انی"  

یه‌كێتی حكومه‌تێكی خزمه‌تكاری ده‌وێت
یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ حكومه‌تی داهاتووی هه‌رێمی كوردستان تاكڕه‌وی و جیاكاری و خۆسه‌پێنی ره‌تده‌كاته‌وه‌و شه‌راكه‌تی راسته‌قینه‌ی له‌حكومڕانی داهاتووی هه‌رێمی كوردستان ده‌وێت.

مه‌لا كه‌ریم شوكر ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌ وێبسایتی ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگه‌یاندووه‌:" كاتی خزمه‌تكردنی خه‌ڵكه‌و ناكرێت وه‌ك كابینه‌ی رابردوو حكومه‌ت به‌رده‌وامبێت، به‌ڵكو یه‌كێتی ئه‌و سیاسه‌ته‌ی رابردوو ره‌تده‌كاته‌وه‌و حكومه‌تێكی خزمه‌تكاری خه‌ڵكی بۆ كابینه‌ی داهاتوو ده‌وێت.

" به‌پێی ئه‌نجامی ده‌نگدان هیچ لایه‌نێك ناتوانێت به‌ته‌نها حكومه‌تی داهاتووی هه‌رێمی كوردستان پێكبهێنێت، به‌ڵكو شه‌راكه‌تی نێوان لایه‌نه‌كانی ده‌وێت، بۆ ئه‌مه‌ش یه‌كێتی كه‌ هێزێكی كاریگه‌ره‌ له‌هه‌رێم و عیراق و ته‌نانه‌ت ناوچه‌كه‌ش، گۆڕانكاری له‌ ئه‌دای حكومه‌ت و حكومه‌تێكی بێ به‌جیاكاری و خۆسه‌پێنی و بڕیاری شه‌خسی ده‌وێت، كه‌ ئه‌مه‌ش داواكاری كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستانه‌"" مه‌لا كه‌ریم شوكر واده‌ڵێت.

یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌ ستراتیژێكی نوێوه‌ هه‌نگاو به‌ره‌و پێكهێنانی حكومه‌ت ده‌نێت و نایه‌وێت ئه‌زموونی حوكمڕ‌انییه‌ تاكڕ‌ه‌وه‌كه‌ی رابردوو دووباره‌ ببێته‌وه‌، بۆیه‌ هه‌وڵی یه‌كێتی بۆ پێكهێنانی حكومه‌تێكی نیشتمانی به‌رپرسیاره‌ به‌رامبه‌ر هاووڵاتییه‌كانی، كه‌ئه‌مه‌ش داواكاری خه‌ڵكه‌و ده‌بێت له‌كابینه‌ی داهاتووی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا ته‌واو ره‌نگبداته‌وه‌.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP