سێ یەکەمە دەرچووەکانی زانکۆ و پەیمانگانای هەرێمی
کوردستان داوای دامەزراندن لە حکومەت دەکەن و دەڵێن: "ژمارەمان زیاتر لە 9 هەزار
کەسە و مافی خۆمانە دابمەزرێین".
"پڕۆسەی دامەزراندن جێبەجێ بکرێت"
ئەمڕۆ دووشەممە 4ـی 11ـی 2024، بەشێک لە سێ یەکەمە
دەرچووەکانی زانکۆ و پەیمانگاکان لە سلێمانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییان ئەنجامدا و
رایانگەیاند: "داواکارین لە حکومەت بە زووترین کات پڕۆسەی دامەزراندنی سێ یەکەمەکان
جێبەجێ بکات، داوای وەرگرتنی مافی خۆمان دەکەین و دژی هیچ کەس و لایەنێک قسە ناکەین".
"دژی دامەزراندنی هیچ چین و توێژیک نین، بەڵام هەر دامەزراندنێک لە
زانکۆوە بکرێت ئێمە وەک سێ یەکەمەکان بە مافی خۆمانی دەزانین"، "ژمارەمان
12 هەزار و 286 کەس بوو، بەڵام دوای پڕۆسەی بایۆمەتری ژمارەمان بووە بە 9 هەزار"،
سێ یەکەمە دەرچووەکان وایان وت.
دەرگای سەرۆکوەزیران بەڕوویاندا ناکرێتەوە
رۆژی 23ـی 9ـی 2024، دەرچووە یەکەمە دانەمەزراوەکان
لە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران بۆ جاری 35ـەم خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و داوای بینینی
سەرۆکوەزیرانی هەرێمیان کرد، بەڵام دەرگای ژووری سەرۆکوەزیران و دامەزراندیان بەروودا
داخرا.
پێشتر نوێنەری ئەو دەرچووانە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا
رایگەیاند: "ئەگەر دەرگامان بەروودا نەکەنەوە ئەوا ناچارین هەڵوێستی دیکە بگرینەبەرو
ئەگەر ئێمە دانەمەزرێنن وڵات چۆن پێش دەکەوێت".
"دامەزراندنمان تەنیا یەک ئیمزای سەرۆکوەزیرانی دەوێت و ماوەی شەش ساڵە
بەچەندین شێوازی دیموکراسی داوامان کردووە ئەو ئیمزایەمان بۆ بکات کە دامەزراندن
مافی خۆمانە"، ئەو نوێنەرە وایوت.
سێ یەکەمە دەرچووە دانەمەزراوەکانی زانکۆ و پەیمانگاکان
کە ژمارەیان 9 هەزار کەس زیاترە داوای دامەزراندن لە حکومەتی هەرێم دەکەن و چەند
جارێکیش هەوڵیانداوە لەگەڵ سەرۆکی حکومەت کۆببنەوە داواکارییەکانیان پێشکەش بکەن،
بەڵام سەرۆکی حکومەت ئامادەنەبووە وەڵامیان بداتەوە.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP