تەلار لەتیف ئەندامی مەكتەبی سیاسیی و لێپرسراوی ناوەندی كاروباری یاسایی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە وتارێکیدا چەند لایەنیكی ئەرێنی سەرژمێری گشتی لەعیراق باسدەکات و لەگەڵ ئەوەشدا دەربارەى مەترسییەکانى رایدەگەیەنێت: "بەشێكی زۆر لەڕاكان پێیانوایە بێ مەترسی نابێت، بەتایبەت بۆ ناوچە دابڕاوەكان، ئەنجامدانی پڕۆسەی سەرژمێری گشتی زیانگەیاندنە بەپێگەو رێژەی كورد لەناوچە جێناكۆكەكان".
تەلار لەتیف مەترسییەکە بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە كە: "بەشێكی بەرچاوی دەنگدەرانی كورد لەوناوچانە دانیشتووی شارو شارۆچكەكانی دیكەی هەرێمی كوردستانن و لەكاتی نائامادەییان لەو پڕۆسەیەدا لە كەركوك و شارو شارۆچكەكانی دیكەی ناوچەكانی ماددەی 140 ی دەستوور، ئەوا وەك دانیشتوی ئەو جێگایانە تۆمار ناكرێن"،
هەروەها دەڵێت: "دواتر بۆ هەر داتایەك تایبەت بەدانیشتوان و دەنگدەران ناویان تۆمار نابێت، ئەو بارەی دەبێتە مەترسییەكی حەتمی لەسەر پێگەی كورد لەو شوێنانەو چارەنوسی ئەو جێگایانەش روبەڕوی ئاڵنگاری زۆر دەبێتەوە."
لە نوێترین وتاریدا كە لەبەشى وتارى ماڵپەڕى دەزگاى میدیایی کەرکوک بڵاوكراوەتەوە، تەلار لەتیف بەپێویستی دەزانێت حكومەت و لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان كاری جددی بكەن و هەنگاوبنێن كە "سەرژمێری ساڵەكانی 1987 و 1997 بە بنەما وەرنەگیرێن، بەڵكو بەبنەما وەرگرتنی سەرژمێری ساڵی 1957" و دەشڵێت: "چارەسەرێكی گونجاو بۆ تۆماركردنی هەمو ئەو كوردانەی لەشارو شارۆچكەكانی ناوچە جێناكۆكەكان دەركراون بەهۆی سیاسەتەكانی تەعریبەوە لەپڕۆسەی راپرسییەكە بدۆزرێتەوە".
دەقی وتارەكە لێرە بخوێنەوە:
پڕۆسەی سەرژمێری گشتی لەعیراق
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP