سەرژمێری گشتی بنەمای جێگیرکردنی ماددەی(140)ــه‌

کوردستان
18:03 - 2024-11-10


بڕیارە 20ی ئەم مانگە سەرژمێری گشتی سەرتاسەری لە عیراق بکرێت و سەرجەم ئامادەکارییەکانی بۆکراوە، لە ناو ئەو پرۆسەیەدا کەرکوک و ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێم جێگەی بایەخ و هەمیش مەترسییە بۆ کورد، بەو پێیەی زیاتر لە 3 چارەکە سەدەیە دەسەڵاتەکانی عیراق کاریان لەسەر گۆرینی دیمۆگرافیا و جوگرافیای کەرکوک و ناوچەکانی کردووە کە لەسەردەمی دەسەڵاتی بەعسی روخێنراودا گەیشتە لوتکە، ئەندامێکی هاوئاهەنگی سەرژمێریی لە کەرکوکیش دەڵێت:" ئەم سەرژمێرییە بۆ کورد و ئایندەی کەرکوک و ناوچەکوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێم چارەنوسسازە، ناسنامەی راستەقینەی ئەو ناوچانە پەیوەستە بە ئامادەگی کورد لە زێدی خۆیان".

 پێویستە کەرکوکییەکان لە کەرکوک بن
ئاڤێستا شێخ محەمەد ئەندامی لیژنەی هەماهەنگی سەرژمێریی لە کەرکوک بە وێبسایتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان  PUKMEDIA ی راگەیاندووه‌:"  سەرژمێری ئەمجارەی عیراق بەتایبەت لەناوچە جێناکۆکەکان و بەتایبەتتر لەکەرکوک گرنگییەکی زۆری هەیە، پێویستە هەموو کەرکوکییەک کە ئێستا بە هەر هۆکارێک بێت لەناوچەکانی دەرەوەی کەرکوک و شارەکانی دیکە نیشتەجێن، لە شارەکەی خۆی ئامادەبێت بۆ ئەوەی  لەلایەن تیمەکانی سەرژمێرییەوە ناونووس بکرێن".

" مەترسی ئەم پرۆسەیە بۆ ئەو کەرکوکییانەی لەدەرەوەی کەرکوک دەژین ئەوەیە ئەگەربێت و لەکەرکوک ناونووس نەکرێن، ئەوا بە دڵنیاییەوە هیچ مافێکی کەرکوکیبوونیان نامێنێت، چ لەڕووی دامەزراندنەوە چ لەڕووی بەشەخۆراکەوە و هەموو ئەو ئیمتیازانەی لەڕێی کەرکوکی بوونیانەوە وەریدەگرن، هاوکات مافی دەنگدانیشیان نامێنێت و لەهەرشوێنێکی دیکە ناوی خۆیان تۆماربکەن سەرجەم ئیمتیازاتەکانیان دەگوازرێتەوە بۆ ئەو شوێنە" ئاڤێستا شێخ محەمەد وادەڵێت.

بۆ پرۆسەکە گرنگە کەرکوکییەکان و دانیشتوانی ناوچە کوردستانییەکان لە رۆژانی 16 و 17 و 18 و 19 ی ئەم مانگەدا بچنەوە و هاوکات کە دەستپێکردنی پرۆسەکە لە کەرکوک 20ی مانگە سەرژمێرییەکەیان بکەن هەم فۆڕمەکەیان بۆ پڕدەکرێتەوە بۆ ئەوەش پێویستە کەسەکە بەڵگەی کارتی نیشتمانی سەرۆک خێزان و سەرجەم ئەندامانی خێزانەکەی پێبێت.

کوردانی ناوچە کوردستانییەکان ئەرکی نەتەوەیی گەورەیان لەئەستۆیە
 ئاڤێستا شێخ محەمەد دەڵێت:" کوردانی کەرکوک و ناوچە کوردستانیەکان ئەرکی نەتەوەیی و نیشتمانی گەورە و یەکلاکەرەوەیان لە ئەستۆیە و دەتوانن لە رۆژی 20ی مانگ دا بەشداری سەرژمێری بکەن و ئەو سەروەرییە مێژوییە تۆمار بکەن و ناویان تۆماربکرێت، ئەو کەرکوکیانەشی تەنها دەنگەکانیان لە کەرکوکە و خۆیان لەشوێنێکی دیکە نیشتەجێن هەر دەتوانن بەگەڕێنەوە بۆ کەرکوک و هیچ کێشەیەکیان نابێت".

" پێویستە زۆر وردتر بیر بکەینەوە کە ئەمە بابەتێکی نەتەوەیی زۆر گرنگە ئێمە چەندین ساڵە بەهەزاران شەهیدمان لەپێناو ئەو خاکەدا داوە و لەناوچەکانی تری کوردستانەوە هاتوون بۆ کەرکوک گیانی خۆیان کردووەتە قوربانی، هەر بۆیە ئەم سەرژمێرییەو خۆتۆمارکردن لەکەرکوک لەلایەن کەرکوکییەکانەوە هیچی کەمتر نییە لەو خەبات و قوربانیدانە، کەرکوک شارێکی کوردستانییە و زۆرینەی دانیشتوانەکەی کوردن، هەربۆیە پێویستە لەم سەرژمێرییەدا کوردستانیبوونی کەرکوک بسەلمێنین، تا چیتر کەس نەتوانێت باسی زۆرینە و کەمینەی نەتەوەکان بکات لەکەرکوک، چونکە ئەم سەرژمێرییە کۆتایی بەسەرژمێری ساڵی ١٩٥٧ دەهێنێت ئیتر کار بەسەرژمێری ساڵی ٢٠٢٤ دەکرێت".  ئەندامی لیژنەی هەماهەنگی سەرژمێریی لە کەرکوک وا دەڵێت

سەرژمێری گشتی بنەمای جێگیرکردنی ماددەی 140ە

لە دوای روخاندنی رژێمی دیکتاتۆری بەعس لە 2003 دا و پێکهینانی حکومەتی کاتی و هەمیشەیی، سەرکردایەتی کوردستانی سازشیان لەسەر ناسنامەی کەرکوک و ناوچەکوردستانیەکان نەکرد و بۆ گێرانەوەی ماف بۆ خاوەنماف و راستکردنەوەی جوگرافیا و دیموگرافیا و قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتوانی تەعریب ماددەی 140 جێگیرکرا، بەڵام سەرژمێری گشتی نەکراوە کە بنەمای جێبەجێکردنی ئەو مادەیە و ناسنامەی راستەقینەکەیەتی.

-ئاڤێستا شێخ محەمەد دەڵێت: " ئەم سەرژمێرییە بۆ کورد بەتایبەتی و ماددەی 140 زۆر گرنگە، بۆیە بۆ ئەم پرسە دەبێت کوردایەتی بکەین، نەک حزبایەتی، خوا نەکردە بە کەمینەبوونی کورد لەکەرکوک، جێبەجێکردنی ماددەی 140 زەرەرێکی زۆر لەکەرکوکییەکان دەدات و مەترسی بۆ کورد دەبێت".

" لەم سەرژمێرییە لەکەرکوکییەکان وەڵامی دروستی ناسنامە و مێژوویی دەدەنەوە و کوردستانیبوونی دەچەسپێنن، چونکە کەرکوک شارێکی کوردستانییە و بەزۆرینەبوونی کوردیش لەناوچەکە خۆی لەخۆیدا وەک ئەوە وایە ماددەی ١٤٠ جێبەجێکراوە، بۆیە تکا لەهەموو کەرکوکییەکان دەکەین بگەڕێنەوە کەرکوک و ناوی خۆیان لەم سەرژمێرییە تۆماربکەن چونکە بەکەمبوونەوەی ریژەی کورد لەناوچەکە ناسنامەی کوردستانیبوونی کەرکوک لەدەست دەدەین". ئەو ئەندامەی لیژنەی هەماهەنگی سەرژمێریی لە کەرکوک وا دەڵێت

ماف و ئیمتیازاتی ئێستا و ئایندە لەکەرکوک لەدەستدەدەن
بەهۆی سیاسەتی چەوتی تەعریب و تەبعیس و هەروەها درێژەکێشانی و چارەسەرنەکردنی بنەرەتی لە قۆناغی ئێستای دەسەڵاتدارانی عیراق لەسەردەمی فیدراڵیشدا، کەرکوکییەکی زۆر لە زێدی خۆیان دەرکراون و لە شارەکانی دیکەی هەرێم و عیراق نیشتەجێن، ئەگەر لە سەرژمێریدا نەگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان " هەموو ماف و ئیمتیازاتێکی ئێستا و ئایندەیی لە کەرکوک لە دەستدەدەن".

ئەو ئەندامەی هاوئاهەنگی سەرژمێریی لە کەرکوک  رایدەگەیەنێت: "سەرژمێریی پەیوەندی بە هیچ حزب و لایەنێکەوە نییە و کەرکوکییەکان پێویستە بەشداری بکەن، چونکە ئەم پرسە پەیوەندی راستەوخۆی بە داهاتووی نەتەوەکەمان و کوردستانیبوونی کەرکوک و چەسپاندنی ناسنامەکەیەوە هەیە"

 " داوا لەتیمەکانی سەرژمێری دەکەین، لە سلێمانی کەرکوکییەکان تۆمارنەکەن و پێویستە کەرکوکییەکان بگەڕێنەوە بۆ کەرکوک و لەوێ خۆیان تۆماربکەن، چونکە ئەو دەنگۆیانەی بڵاودەکرێتەوە کە گوایە کەرکوکییەکان لە هەرشوێنێک بن ناویان لە کەرکوک تۆماردەکرێت راست نییە و بۆ کەمکردنەوەی ناسنامە و رێژەی کوردە لەناوچەکەدا" ئاڤێستا شێخ محەمەد وایوت.

بەدرێژایی مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد (کەرکوک) خاڵی سازشنەکردنی کورد بووە، بۆیە لەسەردەمی بەعسی روخاودا بە سیاسیەتی تەعریب و تەبعیس رووبەرووی کەرکوک و ناوچەکوردستانییەکان بۆوە و کوردی شارەکەی دەربەدەرکرد و عەرەبی هاوردەی لە جێگەیان نیشتەجێکرد و موڵک و ماڵی کوردی پێدان، سەرۆک مام جەلال لە مورافەعە مێژوویەکەدا بە نەخشەی سەردەمی عوسمانی دووپاتی ناسنامەکەی کەرکوکی کردەوە و ئێستاش ئامادەبوونی کەرکوکییەکان لەسەرژمێریی گشتی 2024 دا ، تەواو کەری ئەرکی مورافەعە مێژوییەکەی مامە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP