فەهمی بورهان: پێمانباشە سه‌رژمێریی له‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان دوابخرێت

کوردستان
18:37 - 2024-11-10


سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم رایدەگەیەنێت:" داوا لە ئاوارەکانی کەرکوک و خانەقین و شەنگال دوز و دوبز دەکەم لەکاتی سەرژمێرییدا بگەرێنەوە ناوچەکانی خۆیان و ئومێد دەکەم بەهەموو لایەکمان بتوانین کەرکوک بەکوردستانیی بهێڵێنەوە و خۆمان خاوەن ماڵین".

سەرژمێری بەشێک لەئامانجەکانمان بەدیدەهێنێت
فەهمی بورهان سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:"ئامانجمانبوو پرۆسەی سەرژمێری لەکاتێکدا ئەنجام بدرێت، لانیکەم بەشێکی بنەماکانی ماددەی ١٤٠ جێبەجێبکرایە، لەڕوی سیاسییەوە دۆخێکی سیاسی باشتر لەوەی کە هەیە مسۆگەر بکرایە، دواتر لەو دەرفەتایە سەرژمێری ئەنجام بدرایە".

وتیشی:" بەهۆکاری ئەوەی تائێستا ماددەی ١٤٠ جێبەجێنەکراوە لەڕووی دەستوورییەوە هێشتا ناوچەجێناکۆکەکان ئاسایی نەبوونەتەوە و ژمارەیەکی زۆر ئاوارەی شەنگالی و خانەقینی و کەرکوکی لەناوچەکانی کوردستان دەژین و نەگەڕاونەتەوە زێدی خۆیان، هاوکات بەپێی زانیارییەکانمان کەمتر لە ٨٠٪ ی دانیشتوانی گەلانی عیراق کارتی نیشتمانییان بۆ دەرکراوە، دەکرا هەموو هاووڵاتیان کارتی نیشتمانییان هەبووایە".

" داوا لە ئاوارەکانی کەرکوک و خانەقین و شەنگال دوز و دبس دەکەم لەکاتی سەرژمێریدا بگەرێنەوە ناوچەکانی خۆیان،  وەک حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بەرنامەمان هەیە کارئاسانییان بۆ بکەین و ئومێد دەکەم بەهەموو لایەکمان بتوانین کەرکوک بەکوردستانیی بهێڵێنەوە و خۆمان خاوەن ماڵین، هاوکات ئێمە دژی سەرژمێری نین و بەپێویستی دەزانین ئەنجامبدرێت، چونکە سەرژمێری بەشێک لەئاوات و ئامانجەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان بەدیدەهێنێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەشێک لەکێشەکان چارەسەرنەکراون پێمان باشە دوابخرێت".

رۆژانی سەرژمێری قەدەغەی هاتووچۆ رادەگەیەنرێت
هەر لە کۆنگرەکەدا شوان جەبار بەرپرسی ئامار و ئۆپراسیۆنی سەرژمێری لەهەرێمی کوردستان رایگەیاند: بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری وەک وەزارەتی پلاندانان ئەوەی پێمانکراوە درێخیمان نەکردووە، بەشێکی تری ئەرکەکە دەکەویتە سەر کەناڵەکان و میدیاکاران کە هۆشیاری لەسەر گرنگی سەرژمێری بڵاوبکەنەوە".

وتیشی:"قۆناغی دووەمی سەرژمێری گشتی دانیشتوان لە ١٦-١١-٢٠٢٤ دەستپێدەکات و بۆ ماوەی چوار رۆژ بەردەوام دەبێت، تیمەکانمان سەردانی ماڵەکانتان دەکەن و پێویستە سەرجەم ئەندامانی خیزانەکە ناوەکانیان تۆماربکرێت و بۆ ئەو چوار رۆژە ئەگەر کەسێکیش لە ئەندامانی خێزانەکە لەماڵ بێت و بەڵگەنامەکان بداتە تیمەکانمان ئاساییە، بەلام لە رۆژانی ٢٠ و ٢١ ی مانگدا تیمەکانمان جارێکی تر بۆ پشتراستکردنەوەی زانیارییەکان سەردانی مالەکانتان دەکەنەوەو پێویستە سەرجەم ئەندامانی خێزانەکە ئامادەییان هەبێت و ئەو دوو رۆژەش قەدەغەی هاتووچۆ دەبێت، لەدوای تۆمارکردنی زانیاییەکان بەهیچ جۆرێک دەستکاری ناکریتەوە و کەس ناتوانی خۆی تۆماربکات، پاشان تا رۆژی ١٠-١٢-٢٠٢٤ جاریکی تر تیمەکان سەردانی ماڵەکان دەکەنەوەو کۆتایی بە پرۆسەکە دێت".

پرۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتووان رۆژی ٢٠ و ٢١-١١-٢٠٢٤ لەسەرجەم شاروشارۆچکەکانی عیراق دەستپێدەکات و هەر بژمێرێک لە تیمەکانی بۆ پرۆسەکە ئامادەکراوە، لەشارەکاندا ١٢٠ خێزانی پێدراوە و لە گوندەکانیشدا ٤٠ خێزان، بەشێوەیەکی گشتی تیمەکان تا کۆتایی هاتنی پرۆسەکە ٣ جار سەردانی هەر خیزانێک دەکەن بۆ پشتڕاستکردنەوەی زانیارییەکان و رۆژی ١٠-١٢-٢٠٢٤ کۆتایی بەپرۆسەکە دێت.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP