بە بڕیاری بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و لەسەر ئەركی دامەزراوە داراییەكانی یەكێتی، بەشە ناوخۆییەكانی زانكۆی كۆیە نوێكرانەوەو پێداویستییەكانیان بۆ دابینكرا، سەرۆكی زانكۆكەش سوپاس و پێزانین ئاڕاستەی سەرۆك بافڵ دەكات كەهەمیشە پشتیوانی خوێندكاران بووە.
د. محەمەد حەسیب زەنگەنە سەرۆكی زانكۆی كۆیە لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "هاوكارییەكی زۆر لەكاتێكی گرنگ لەلایەن بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە، گەیشتە زانكۆی كۆیە، كەهاوكارییەكان خۆیان لەسیسەمی نووستن و دۆشەك و جل شۆرو تەباخ و بەفرگرو چەندین ئامێری دیكەی كارەباییدا دەبیننەوەو دەخرێنە خزمەت خوێندكارانی بەشە ناوخۆییەكان".
راشیگەیاند: "جگە لەكەلوپەل، بەسەرپەرشتی هاوڕێ دارۆ شێخ نوری لێپرسراوی دامەزراوە داراییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەشە ناوخۆییەكانی زانكۆكەمانی نوێكردووەتەوەو ئامادەكراون بۆ خوێندكاران".
سەرۆكی زانكۆی كۆیە وتیشی: "لەم كاتەدا گەیشتنی هاوكارییەكانی سەرۆك بافڵ بۆ زانكۆكەمان زۆر گرنگ بوو، چونكە زانكۆی كۆیە بۆ ئەمساڵی خوێندن 2 هەزارو 389 خوێندكاری وەرگرتووە، كەبەراورد بەساڵی رابردوو 800 خوێندكار زیاتری وەرگرتووە، بەم هاوكاریانەش فشار لەسەر بەشە ناوخۆییەكانمان كەم بووەتەوەو ژینگەیەكی تەندروستمان بۆ خوێندكاران دروستكردووە".
هەر لە كۆنگرەكەدا د. محەمەد حەسیب زەنگەنە سەرۆكی زانكۆی كۆیە، سوپاس و پێزانینی ئاڕاستەی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی كرد كەهەمیشە پشتیوانی خوێنكاران بووە.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP