له‌ کۆلێژی سەربازیی قەڵاچوالان ئاهه‌نگی چوارەمین خولی دەرچوانی کۆلێژه‌كه‌ سازكرا

کوردستان
12:42 - 2024-11-16


سەعات 10ی بەیانی ئەمڕۆ شەممە ١٦-١١-٢٠٢٤، کۆلێژی سەربازی قەڵاچوالان ئاهەنگی دەرچوونی خوێندکارانی خولی چوارەمی پێگەیاندنی ئەفسەران بە ئامادەبونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و خانمی یەکەمی عیراق شاناز ئیبراهیم ئەحمەد و جەعفەر شیخ مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێم و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە و د. هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی و کەسوکاری خوێندکاران بەڕێوەچوو.

وەزیری پێشمەرگە: دەرچونتان و کۆتایی هاتنی ئەم خولە دەستکەوتێکی گرنگە 
لەدەستپێکی مەراسیمەکەدا شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی حوکەمتی هەرێم لە وتەیەکیدا رایگەیاند: "پیرۆزبایی ئەم سەرکەوتنە لە دەرچوان و کەسوکار و مامۆستاکانتان دەکەین، چونکە دەرچونتان و کۆتایی هاتنی ئەم خولە دەستکەوتێکی گرنگە، پێویستە برەو بەوانەی چەند مانگەتان بدەن و لەخزمەتی هێزی پێشمەرگە بەکاری بهێنن، ئەمە سەرەتای رێگا و قۆناغێکی نوێیە بۆتان".

"دەبێت رۆڵی سەرۆک مام جەلال لەبیرنەکەین کەئەم کۆلێژەی دامەزراندووە، پێویستە ئەم خولانە بە میکانیزمی نوێ بەردەوام بێت تاکوو توانای ئەفسەرانمان بەرەو پێش بچێت، دڵنیاین ئەفسەرە دەرچووەکان تواناکانیان دەبەخشن بە پاراستنی کوردستان، ئێمە لەوەزارەتی پێشمەرگە بە پلان و بەرنامە و ستراتیژی دورمەودا بەردەوامین و هەوڵەکانمان بۆ یەکخستنی هێزی پێشمەرگە بەردەوامە و ئامانجمان بنیادنانی سوپایەکی یەکگرتووی نیشتمانییە"، شۆڕش ئیسماعیل وای وت.

مەراسیمەکە بە ئەنجامدانی چەندین رێورەسمی جیاواز بەڕێوەچوو، تێیدا خوێندکارە یەکەمەکان لەلایەن نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانییەوە خەڵاتیان پێبەخشرا، کە لەم خولەدا 769 ئەفسەر کە 48 یان ئەفسەری ژنن دوای 7 مانگ لە خوێندن و تەمرین کردن ئاهەنگی دەرچون دەگێڕن، کەسەرجەمیان هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆسن.

سەرۆکی هەرێم: خوێنێکی نوێ بە بەری هێزی پێشمەرگەدا دەکەن
 نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە وتەیەکیدا لەمیانەی بەڕێوەچوونی مەراسیمەکە رایگەیاند: "پیرۆزبایی لە دەرچوان و کەسوکاریان دەکەین، شانازییە بەشداری لە ئاهەنگی دەرچونی بەشێکی گرنگ و سەرەکی لە بنیاتنەرانی داهاتووی وڵاتەکەمان دەکەین کە خوێنێکی نوێ بە بەری هێزی پێشمەرگەی کوردستاندا دەکەن".

"خواستی ئێوە بۆ پەیوەندیکردن بەم کۆلێژە پاش تەواوکردنی زانکۆ نیشانەی دڵسۆزی و پێگەیشتنی فکری و هەستی قوڵی نیشتمانیتانە، ئێوە رێگای سەختی شکۆ و سەربەرزیتان هەڵبژاردووە، بەتیابەت بەشداری کچان و ژنانمان بەرزدەنرخێنین و ژنان سەلماندویانە هاوبەشی سەرەکی و کاریگەرن لە بونیادنانی نیشتمان و بەرگری لە خاک و وڵات و قوربانی زۆریان داوە"، نێچیرڤان بارزانی وای وت.

سەرۆکی هەرێم وتیشی: "مێژووی پێشمەرگە تۆمارێکی زێڕین و پڕشانازییە بۆ فیداکاری خاکی کوردستان، ئەم هێزە شکۆدارە قەڵغانی پۆڵاین و بتەو بووە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی خاکی کوردستان، سەری رێز و نەوازش بۆ ئەو شەهیدانەی لەپێناو بەرگری لە کوردستان خوێنیان بەخشیوە دادەنەوێنین، هەر لەمرۆژەدا یادی سەرۆک مام جەلال بەرزدەنرخێنین کە بیری لەدامەزراندنی ئەم کۆلێژە سەربازییە کردوەتەوە بۆ خزمەتی ووڵات".

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP