د. هەڵۆ مستەفا عەسکەری وەک وەزیری نوێی ژینگەی عیراق هه‌ڵبژێردرا

کوردستان
16:38 - 2024-11-26


ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا، د. هەڵۆ مستەفا عەسکەریی وەک وەزیری نوێی ژینگەی عیراق لە پشکی یەکێتی هەڵبژارد.

د. بڕیار رەشید ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە وێبسایتی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی راگەیاندووه‌: "لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەکۆی دەنگ د. هەڵۆ مستەفا عەسكەری وەك وەزیری ژینگەی عیراق دیاریکراو لە شوێنی نزار ئامێدی دەستبەکاردەبێت".

"د. هەڵۆ مستەفا عەسکەری وەک وەزیری نوێی ژینگەی عیراق سوێندی یاسایی خوارد"، د. بڕیار رەشید وای وت. 

دوای هەڵبژاردنیشی وەک وەزیری نوێی ژینگەی عیراق، د. هەڵۆ مستەفا عەسکەری لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "ئەمرۆ سوێندم خوارد و وەک وەزیری ژینگەی عیراق دەستبەکار دەبم، داوا لە هەموو هاووڵاتیانی ئەم وڵاتە دەکەم کە کارێک بکەین دۆخی ژینگەی هەرێم و عیراق ببەینە پێشەوە لەڕێگای بایەخدان بە دۆخی ژینگە و جێبەجێکردنی یاسا و رێنماییە ژینگەییەکان".

ئاماژەی بەوەشدا: "لەمەودا دەبێت هەوڵ بدەین بچینە قۆناغێکی دیکەوە بە هاوکاری هەموولایەک تا بتوانین ژینگەی عیراق لەم دۆخە ناهەموارەی کە تێیدایە رزگاری بکەین". 

د. هەڵۆ مستەفا عەسکەری هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرایە لە تەندروستی و سەلامەتی ژینگەیی و ساڵی 2010 ـ 2012 راوێژکاری بەرهەم ساڵح، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری ژینگە بووە و ساڵی 2012 ـ 2018 راوێژکار بووە لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، هەروەها ساڵی 2018 - 2020 سەرۆکی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان بووە و ساڵی 2020 ـ 2021 راوێژکاری جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بووە.

نزار ئامێدی وەك وەزیری ژینگەی عیراق لەكانونی یەكەمی ٢٠٢٢ لەلایەن زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتارانەوە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی متمانەی پێبەخشرا، هەروەك لەتشرینی یەكەمی ٢٠٢٣ لە كۆبوونەوەی سەركردایەتی یەكێتی، نزار ئامێدی وەكو ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە بەغدا دەستبەكاربوو، بەو هۆیەشەوە دەستی لە پۆستی وەزیری ژینگەی عیراق کێشایەوە و ئەمڕۆش د. هەڵۆ مستەفا عەسکەری لەجێی ئەو هەڵبژێردرا.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP